یاسایەکی عێراق هەرێم پابەنددەكات داهاتەكانی رادەستی بەغدا بكات


نەتەوە  |   21:00:14 2020-01-31  |   (375) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایده‌گەیه‌نێت، یاسای كارگێڕیی دارایی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان بە رادەستكردنەوەی داهاتەكانیان بە حكومەتی فیدراڵ گرێدەداتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش له‌وباره‌یه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌ ده‌دات
A+    A-

 

 ناجی ردەیس، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوه‌، "ماددەی 11ی یاسای كارگێڕیی دارایی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان پابەنددەكات هیچ بڕە پارەیەكیان پێنەدرێت ئەگەر داهاتەكانیان رادەستی بەغدا نەكەن، رەوانەكردنی هەر بڕە پارەیەكیش بۆ هەرێمی كوردستان سەرپێچیی یاساییە".


لەبەرامبەردا جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی رووداو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، "پێش  یاسای كارگێڕیی دارایی رێككەوتنێك هەیە كە بودجەی 2019یە، بەپێی ئەو یاسایە كارگێڕیی دارایی بەشێوەیەكی گشتی رێكدەخرێت، بەڵام پرسی بودجە بۆ ساڵێكە، ئینجا چۆن خەرجدەكرێت، ئەوە بودجە دیاریی كردووە و ئێمەش پابەنددەبین تاوەكو جارێكی دیكە لە بودجەی داهاتوودا ئەو رێككەوتنانە رێكدەخرێنەوە". 


جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "دەبێت لە بودجەی گشتیدا پشكی هەرێمی كوردستان دیاریبكرێت، ئینجا هەرێم داهاتەكان رادەستی بەغدا دەكات، ساڵی داهاتووش بودجە بەشێوەیەكی دیكە رێكدەخرێت، بەپێی رێككەوتن".


 بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 بە نزیكەی 163 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و 48 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە. 
 





loading...