ئامۆژگاری و زانیاری نوێ ده‌رباره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا


نەتەوە  |   17:22:17 2020-01-31  |   (454) جار خوێندراوەتەوە

loading...
له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركه‌وتووه‌ و ژماره‌یه‌ك نه‌خۆش مردوون و ژماره‌یه‌ك كه‌سی تریش تووشبوون و تر‌س و دڵه‌راوكێی له‌ هه‌موو دنیادا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. 
A+    A-

 

د. زاهیر سوران، پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌ گشتییه‌كان و درمه‌كان له‌ سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێمه‌ی كورد میلله‌تێكین‌ زێده‌تر قسه‌ده‌كه‌ین وه‌ك له‌وه‌ی كردارمان هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا كاتی به‌رجه‌سته‌كردنی كرداری خۆپاراستنه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ هیوادارم واز له‌ قسه ‌و قسه‌ڵۆك بهێنین و باخه‌ریكی خۆمان بین به‌ كردار خۆمان له‌م قۆناخه‌ سه‌خته‌ بپارێزین. 


ده‌شڵێت: پێویسته‌ یه‌كدیمان خۆش بوێت و زانستیانه‌ یه‌كدی ئاگاداربكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ میلله‌تێكین تا لێمان نه‌قه‌ومێت هاوار ناكه‌ین، بەڵام ئه‌وسا هیچ دادمان نادات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌ ده‌وڵه‌تین، نه‌ باری ئابو‌وری تاك و ته‌نانه‌ت حكومه‌تیش له‌بارنییه‌ و نه‌ ده‌رمان و كه‌لوپه‌ل و ته‌كنەلۆژیای پێشكه‌وتووی پزیشكی دنیامان له‌به‌رده‌ستدایه.


باسی له‌وه‌شكردووه‌، هه‌روه‌ك بازرگانانی دنیا، ساڵانێكه‌‌ به‌ سه‌دان كورد بازرگانی له‌گه‌ڵ چین دا ده‌كه‌ن و رۆژانه‌ هاتووچۆده‌كه‌ن هاوكات رۆژانه‌ش له‌ رێگای فڕۆكه ‌و خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵكی بێگانه‌ و هاووڵاتی دێنه‌ ناو كوردستان.
هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، به‌ پێی شاره‌زایان له‌ ماوه‌ی كڕكه‌وتن دا هیچ نیشانه‌یه‌كی نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌رناكه‌ون وه‌ك ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی (سارس) وایه‌ و ماوه‌كه‌ كورته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌و ماوه‌دا به‌ ئاسانی كه‌سانی دی تووش ده‌بن.
 
نیشانه‌كان :
 
١-ژانه‌سه‌ر (سه‌ره‌تای نه‌خۆشییه‌كه‌)
٢-ئازاری گه‌روو.
٣-ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، ئازاری سه‌ر سنگ و كۆكه.
٤-له‌رزووتا و خێرابوونی لێدانی دڵ.


 به‌ڵام ئه‌و نیشانانه‌ی سه‌ره‌وه‌‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ به‌یانی به‌ لێشاو هه‌موو كه‌س رووبكه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌كان و به‌شی فریاكەو‌تن، به‌ڵكو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌، كه‌ له‌ چینه‌وه‌ هاتوون و دێن یان له‌و وڵاتانه‌وه‌ كه‌ تووشبووی تێدا تۆماركراون.


 هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تا ئاماژه‌ به‌ رێگاكانی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌كرا له‌ خواردنی مار و شه‌مشه‌مه‌كوێره‌وه‌، به‌ڵام ئیمڕۆ (به‌پێی ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌وروپییه‌كان و زه‌سه‌نی بەریتانیا) شاره‌زایانی ڤایرۆسزانی ئامۆژگاریمان ده‌كه‌ن و پێمان ده‌بێژن كه:
 
1- ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشێكه‌وه‌ (هه‌ڵگرێكی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌) به‌ رێگای ده‌م و كونه‌ لووته‌كانه‌وه‌ له كاتی په‌یوه‌ندیكردن ، ته‌نانه‌ت ده‌ستبردن بۆ شوێنێكی توشبوو كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌ یان تێیدایه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ یه‌كێكی دی.
 
2- له‌ رێگای پریشكی پژمین یان كۆكینی نه‌خۆشه‌وه‌ نزیكه‌ی 4 مه‌تر ڤایرۆسه‌كه‌ فڕێ ده‌داته‌‌ ده‌ره‌وه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ باشتره‌ له‌كاتی پژمین و كۆكیندا ده‌مامك یان ده‌سته‌سڕ له‌ بری ده‌ست، بگیرێت به‌ده‌مه‌وه‌.
 
3- ڤایرۆسه‌كه‌ نزیكه‌ی 45 خوله‌ك (ده‌قیقه‌) له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش كاتێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكی دی كه‌ به‌و شوێنه‌دا تێده‌په‌ڕێت، له‌گه‌ڵ نه‌خۆشدا داده‌نیشێت یان سه‌ردانی ده‌كات تووش ببێت.
 
4-پێویسته‌ بۆ ماوه‌ی 40 چركه ‌و له‌سه‌رخۆ و باش په‌نجه‌كانی ده‌ست بشۆردرێت و هه‌وڵبدرێت به‌پێی توانا له‌پی ده‌ست و په‌نجه‌كان نه‌درێت له‌ چاوه‌كان و ده‌م و په‌نجه‌ش نه‌كرێت به‌ كوونه‌ لووته‌كاندا یان كه‌م بكرێته‌وه‌.
 
له‌به‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێویسته‌ به‌ ده‌مامك ده‌م و لووت دابپۆشین ،  به‌رده‌وام یان ناوبه‌ناو ده‌سته‌كانمان به‌ ئیسپرتۆ پاک بكه‌ینه‌وه‌، نه‌چینه ‌ده‌ره‌وه‌ یان دوربین له‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵخه‌كان (به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌دا كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ی تێدا بڵاوه‌) .
له‌ كۆتاییدا تكاتان لێده‌كه‌م ئاگاداری ته‌ندروستی خۆتان و جگه‌رگۆشه‌ خۆشه‌ویسته‌‌كانتان بن چونكه‌ سامانی هه‌موومان له‌شساخیمانه‌.
 
 


 





loading...