له‌گۆڕانه‌وه‌ لەبارەی ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی، وەڵامی وتەبێژی حكومەت ده‌درێته‌وه‌


نەتەوە  |   14:27:59 2020-01-31  |   (268) جار خوێندراوەتەوە

loading...
سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وەڵامی وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەداتەوە و رەتیدەكاتەوە چالاكی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە فیتی كەس بجوڵێتەوە.
A+    A-

 

پێشتر جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، "ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی چالاك موهەندیس كۆمەڵێك قسەی بێ بنەما و دوور لە راستی كردووە بەرامبەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئێمە ئەو تۆمەتە بێ ویژدانانە بە توندی رەتدەكەینەوە و حكومەتی هەرێم قبوڵ ناكات خەڵكانێكی هاوشێوەی چالاكی موهەندیس كە بە فیتی كەسانی تر هەڵدەسوڕێنرێن، بەشداری لە حكومەتدا بكەن تاكو بڵێن لە ئەدای حكومەت رازین یان نا".


لە بەرامبەردا عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە وته‌كانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگه‌یاندووه‌، "چالاكی موهەندیس یەكێكە لە هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكانی گۆڕان و كەسێكی تێكۆشەرە و شارەزایی لە بواری خۆیدا هەیە و بە فیتی كەس ناجوڵێتەوە، جگە قەناعەتەكانی خۆی كە پێیوایە گۆڕان هێزێكە لە پشتی چاكسازییەوەیە و قسەی گۆڕان لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی چاكسازی و چاكەی گشتییە بۆ میلەتەكە".


ده‌شڵێت:"مەبەستی چالاكی موهەندیس ئەوەیە، كە گۆڕان بە دوای چاكسازییەوەیە و كار لەسەر چاكسازی دەكات و ئامادە نییە بڕواتە بەرەی دزیكردنەوە، ئەوەش تۆمەتباركردنی كەس نییە بە دزی، ئەو وشەیەی بەكاری هێناوە بەخراپ تەفسیركراوە، بەڵام دەیتوانی بەشیوەیەكی تر گوزارشتی لێ بكات".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، چالاكی موهەندیس كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی بریكاری وەزارەتی شارەوانی و "ئەو پۆستە وەردەگرێت."
 





loading...