په‌رله‌مان ئه‌نجامی گیان له‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌كه‌ی یه‌كێتی ده‌خاته‌ڕوو


نەتەوە  |   17:07:14 2020-01-30  |   (193) جار خوێندراوەتەوە

loading...
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی مەجید ئیبراهیم ، پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهێنا، لیژنەکە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، پشتگیری له‌ به‌یاننامه‌ی ئاسایشی گشتی ده‌كه‌ن.
A+    A-

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌،  هیچ خاڵێكی وا تێبینی نه‌كراوه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی راگه‌یەندراوی ئاسایش بێت، بۆیه‌ سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ لیژنه‌ چاودێری كه‌یسه‌كه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتی كۆتایی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌ رێگه‌ی داموده‌زگای په‌یوه‌ندیدار (دادگا، پزیشکی داد)یه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان و رای گشتی بخرێته‌ڕوو.


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:


دوابەدوای پێكهێنانی لێژنەیەكی لاوەكی بۆ بەدواداچوونی كەیسی گیان لەدەستدانی هاووڵاتی "مەجید برایم"، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (30/1/2020) لێژنەكە ئەنجامی بەدواداچوونەكەیان خستەڕوو.
ئەمەی خوارەوە وردەكاری بەدواداچوونەكەیانە:

دوابەدوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لاوەكی بە سەرۆكایەتی "عوسمان كەریم سوارە" و بە یاوەری بەڕێزان (رۆمیۆ هەكاری، رزگار محمد محمود، سەعید هەركی، حەسیبە گەردی، هیمداد سەباح، زكری زێباری، شادی نەوزاد، د. وەعدی سلیمان عەلی) لەسەر كەیسی گیان لەدەستدانی (مەجید برایم)، دوا بەدوای ئەوەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشیان كرد و گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەسەر دۆسییەكان كرا هۆكارەكانی گرتن و گیان لە دەستدانی هاووڵاتی (مەجید برایم) بۆ لیژنە روونكرایەوە، هەروەها هاوكاری تەواو كرا بۆ لیژنە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی خۆی بكات بە شێوەیەكی مەیدانی.

دواتر لیژنەكە سەردانی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانیان كرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و ئەفسەرە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوە و زانیاری تەواوی لەسەر كەیسەكە بۆ ئەندامانی لیژنە خڕایە روو و سەرجەم بەڵگە و دۆكیۆمێنتەكان خرانەڕوو.

لیژنەكە لە رێگەی ئەفسەر و كارمەندانی ئاسایش و بەندیخانە، شوێنی گیان لەدەست دانی ناوبراویش بەسەر كرایەوە و وەڵامی پێویستی ئەندامانی لیژنە درایەوە.

هەروەها سەردانی لیژنەی پزیشكی دادی لە هەولێر كرا، كە لێكۆڵینەوەی خۆی كردبوو لەسەر تەرمەكە و ئاگادار كراین كە تەرمەكە رەوانەی پزیشكی دادی كۆیە و سلێمانیش كراوە، بەڕێز عوسمان سێدەری سەردانی كردووە، بۆ ئەوەی راپۆرتی ئەوانیش ئەنجام بدرێت.

هەروەها سەردانی ماڵی ناوبراو كرا و وتەی كەس و كاری وەرگیراوە لەسەر كەیسەكە و شێوازی گرتنەكەی و ئەو كەل و پەل و ماددانەی كە پێی گیراوە.

لیژنەكە بەدواداچوونی پێویستی كردووە لەسەر كەیسەكە، چاوەڕێی كۆتایی ئەنجامەكانی دادگا و لایەنی پەیوەندیدار دەبین و وەك لیژنەی بەدواداچوونی پەرلەمانی، پشتگیری لە بەیاننامەی ئاسایشی گشتی دەكەین. هیچ خالێكی وا تێبینی نەكراوە كە پێچەوانەی راگەیەندراوی ئاسایش بێت، بۆیە سەرەڕای ئەمە لیژنە چاودێری كەیسەكە دەكات، بۆ ئەوەی راپۆرتی كۆتایی بەشێوەیەكی یاسایی لە رێگەی دام و دەزگای پەیوەندیدار(دادگا، پزیشكی داد) یەوە بۆ هاووڵاتیان و رای گشتی بخرێتەڕوو.
 





loading...