راگه‌یه‌ندراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌


نەتەوە  |   16:33:20 2020-01-29  |   (289) جار خوێندراوەتەوە

loading...
دوای ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گەیشتە هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.
A+    A-

 

لە راگەیه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژەی بەوەكراوه‌، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا "سڵاو و ڕێزی بەڕێزان سەرۆک ڤلادیمیر پووتین و سەرۆکوەزیرانی رووسیای گەیاندە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان".


لای خۆشیه‌وه‌ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانی نوێی رووسیا کردووە و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی پەیوەندییەکانی لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ رووسیا دووپاتکردووەتەوە، هەروەها دەستخۆشی لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی لە کەرتی وزەدا لە هەرێمی کوردستان کرد.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق تاوتوێکرا و جەختکراوەتەوە لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە نەکردنی عێراق بە گۆڕەپانی کێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.


هەر بەگوێره‌ی راگەیه‌ندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا "تیشکیان خستەسەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، کێشەکانی هەولێر ــ بەغدا و گرنگیی هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان".


جگە لە دۆخی عێراق، دۆخی سووریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسی کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سووریا و رۆڵی رووسیا لەو وڵاتە تاوتوێ کران؛ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی، پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوایین پێشهاتەکانی کێشەی فەلەستین ــ ئیسرائیل و دۆخی ناوچەکە بەگشتی کراون.





loading...