وەزارەتی دارایی له‌باره‌ی خەرجكردنی داهات بڕیارێك دەردەكات


نەتەوە  |   18:31:32 2020-01-28  |   (146) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بڕیارێكی نوێ له‌باره‌ی چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو داهاتەنە ده‌رده‌كات، كە هەندێك وەزارەت هەیانە.
A+    A-

 

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی دارایی، كە رۆژی 16/1/2020 دەرچووە، ئاماژە بە چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو داهاتەنە كراوە، كە هەندێك وەزارەت هەیانە و بەپێی خشتەیەكی وەزارەته‌كه‌، بۆ داهاتی وێستگەی كێش و تاقیگەی بیناسازی و سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، 50%ی داهات بۆ خودی وەزارەتەكە دەبێت و 50%ی بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێتەوە.


هاوكات داهاتی وەزارەتی كارەبا 3%ی بۆ وەزارەتە، لەگەڵ 2%ی هاندان و 90%ی بۆ گەنجینەی گشتی دەبێت، سەبارەت بە داهاتی وەزارەتی شارەوانی، بەمجۆرەیه‌: "15%ی داهات بۆ شارەوانییەكان دەبێت، 85% بۆ گەنجینە، 20% بۆ ئاو و ئاوەڕۆكان، 80%ی بۆ گەنجینەكان، بەڵام داهاتی فرۆشتنی زەویی روكن و مومتاز 100%ی داهاتەكەی بۆ گەنجینەی گشتی دەبێت".


هه‌روه‌ها به‌ گوێره‌ی خشتەكە، لە وەزارەتی پلاندانان 6%ی داهاتی كۆنتڕۆڵی جۆری بۆ خودی وەزارەتەكە دەبێت و 94%ی بۆ گەنجینەی گشتی دەبێت، لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ فۆڕمی عەمرەكاران، 15%ی بۆ وەزارەت و 85%ی بۆ گەنجینە دەبێت.


لە وەزارەتی گواستنەوەش، داهاتی فڕۆكەخانەی هەولێر و داهاتی فڕۆكەخانەی سلێمانییش 50%ی بۆ وەزارەتەكە دەبێت و 50%ی بۆ گەنجینە و لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە داهاتی دیوانی وەزارەت 38%ی بۆ وەزارەتەكە دەبێت و 62%كەی تر بۆ گەنجینە دەبێت، 70%ی داهاتی زانكۆ كۆنەكان بۆ خوێندنی باڵا دەبێت، ئەوەی تر بۆ حكوومەت، بۆ زانكۆ نوێیەكان 80%ی داهات بۆ خوێندنی باڵایە، 20%ی دەچێتەوە گەنجینە.


لە تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، 10%ی داهات بۆ خودی وەزارەتەكە و 90%ی بۆ گەنجینە و لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، 30%ی بۆ وەزارەتەكەیە و 70%ی بۆ گەنجینەیە، لە وەزارەتی دادیش 5%ی بۆ خودی وەزارەتە و 95%ی بۆ گەنجینەی گشتییە.


هاوكات لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆ 17%ی بۆ وەزارەت، 83%ی بۆ گەنجینە، لە ڤیزا و نشینگە 5%ی بۆ خودی وەزارەت، 95%ی بۆ گەنجینە، لە بواری كۆمپانیا ئەمنییەكان 10%ی داهات بۆ خودی وەزارەت و 90%ی بۆ گەنجینە.


لە وەزارەتی پەروەردەش، داهاتی فرۆشگەكان 100%ی بۆ خودی وەزارەت دەبێت و نادرێتەوە گەنجینەی گشتی، لە وەزارەتی دارایی داهاتی 6%ی كۆنتڕۆڵی جۆری و پلاندانان بۆ خودی وەزارەتەكە دەبێت و 94%ی بۆ گەنجینە دەبێت.
 





loading...