دەست بە بڕینی کارەبای زێدەڕۆ دەکرێت


نەتەوە  |   17:06:00 2020-01-27  |   (187) جار خوێندراوەتەوە

loading...
پارێزگاری هەولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ رۆژی 2ی مانگی داهاتوو پرۆسەی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لە هەموو شوێن و قەزاو ناحیەکان ده‌ستپێده‌كه‌ن و دوا مۆڵەتیش بەوانە دەدات کە بەردەوامن لەسەر زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا.
A+    A-

 

ئەمڕۆ دووشەممە 27/1/2020  لە پارێزگای هەولێر، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگری پارێزگار، هەر 10 قایمقامیەتەکەی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر، بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاسایش و ژمارەیەک بەڕیوەبەری دیکەی پەیوەندیدار تایبەت بە پرسی کارەبا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا. 


دوای کۆبوونەوەکە فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: پرۆسەی بەستنی پێوەری کارەبا بۆ ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی، کە پێشتر رێگەیان پێ نەدەدرا و زێدەڕۆ بوون بەردەوام دەبێت.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "لە کۆبوونەوەکە بڕیارمانداوە لە رۆژی 2/2/2020ـەوە پرۆسەی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لە هەموو شوێن و قەزاو ناحیەکان دەستپێبکەین، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەموو قەزایەکانیش لیژنەمان بە سەرپەرشتی قایمقامی ئەو قەزایە و ئەندامەیەتی پۆلیس و پۆلیسی کارەبا و فەرمانگەی کارەبا پێکهێناوە، هەریەک لەو لیژنانەش داواکاری سەرپەرشتی یاسایی دەکات بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو زێدەڕۆییانە".


پارێزگای هەولێر هه‌روه‌ها داواش لە هاووڵاتیان لەسەرجەم قەزاو ناحیەکان و سەرجەم هۆتێل و کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان و رێستۆرانتەکان دەکات، تاوەکو 2ی2 ئەگەر بە شێوەیەکی زێدەڕۆ کارەبایان راکێشاوە، "کارەباکەیان ببڕن، ئەگەر نا کارەبایەکەیان دەبڕین و پێبژاردنیان بۆ دەکەین و رێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگرینەبەر.
 
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئەو پرۆسەیە هیچ کەسێکی لێ بەدەر ناکرێت، لە هەموو گەڕەکەکان و شوێنە بازرگانییەکان دەستپێدەکرێت، وەکو هەنگاوی یەکەمیش لەو شوێنانە دەستپێدەکەین، کە لەنێو کۆمەڵگە پێیان دەگوترێت دەستڕۆیشتوو".


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەمان دەستگیرکردون ئەوانەی دەستکاری کارەبا دەکەن، یان مۆری پێوەری کارەبا دەفرۆشن، یانیش کارەبایان لەژێر پێوەرەوە بۆ ماڵان راکێشاوە. ئەوانە ئێستا لە زیندانن و رەوانەی دادگا کراون".





loading...