حکوومەتی هەرێم پارە بۆ تەواوکردنی بەنداوەکان دابین دەکات


نەتەوە  |   16:52:44 2020-01-27  |   (153) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت، حکوومەت پارەی پێویستی بۆ تەواوکردنی زۆرینەی بەنداوە تەواونەکراوەکان دابین کردووە، کە بە هۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا راگیراوە.
A+    A-

 

حوسێن حەمەد، وتەبێژی وەزارتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی باسنیوز رایگەیاندوه‌، "بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی چەند ساڵێکە کارکردن لە ژمارەیەک بەنداوی کوردستان راگیراوە، بەمەبەستی تەواوکردنی بەنداوەکانیش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕی 33 ملیار و 300 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە، بۆ تەواوکردنی 11 بەنداو لەکۆی 18 بەنداوی گەورە و بچووک لە سەرجەم پارێزگاکان بە ئیدارەی گەرمیانیشەوە".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەم بەنداوانە تەواو بکرێن، تەواوکردنیشیان سوودێکی زۆری دەبێت بۆ گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی ئاوی ئەم بەنداوانە بۆ پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و کارەبا و گەشتیاریی و زۆر بواری دیکە".


ئاماژەی به‌وه‌شكرد، "بەشێک لەم بەنداوانە زۆرینەی کارەکانیان تەواو بووە و بەشێکی دیکەش تەنیا 30%ی کارەکانیان تەواو کراوە، ئەم بەنداوانە سامانێکی گرنگ و گەورەی نیشتمانن بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کوردستان کە ساڵانە رێژەیەکی باش بەفر و بارانی لێ دەبارێت".
 





loading...