مه‌ترسیه‌كی تر له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ دروست بوو


نەتەوە  |   20:00:12 2020-01-24  |   (240) جار خوێندراوەتەوە

loading...
نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشكریده‌كه‌ن، كه‌ فراكسیۆنه‌ شیعه‌كان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند پشكی كورد له‌ بودجه‌ی 2020 كه‌م بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌ به‌رانبه‌ر ده‌نگنه‌دانی په‌رله‌مانتارانی كورد به‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق.
A+    A-

 

له‌وباره‌شه‌وه‌ به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاندوه‌، لایه‌نه‌ شیعییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ كاتی ناردنه‌وه‌ی بووجه‌ی گشتی عێراق بۆ په‌رله‌مان پشكی كورد له‌وه‌ی پێشتر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌متر بكه‌نه‌وه‌.


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دواڕۆژ وتیشی: "به‌پێی ئه‌و گفتوگۆ و رێككه‌وتنانه‌ی، كه‌ پێشتر سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و حكومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌نجامیان داوه‌ پشكی كورد به‌ له‌  12،67%جێگیر كراوه‌، سه‌رۆكی كاربه‌رێكه‌ری حكومه‌تی عێراقیش ئه‌م رێژه‌یه‌ی پی باشبووه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی سێ مانگی رابوردوو فراكسیۆنه‌ شیعییه‌كان بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بووجه‌ی گشتی عێراق خراپه‌و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ تێپه‌ڕاندنی بووجه‌ی گشتی عێراق كێشه‌ دروست بكه‌ن".


لای خۆشیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانی عێراق به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم په‌له‌ بكات له‌ دانوستان و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی عێراقی، چونكه‌ ته‌یاری شیعی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رابوردووی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی به‌ بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق نه‌دا هه‌ڵوێستیان خراپتر بووه‌ و ده‌یانه‌وێت كێشه‌ دروست بكه‌ن.


وتیشی:"زۆربه‌ی ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌ سوننه‌كان رایان به‌رانبه‌ر كورد باشه‌و لێكتێگه‌یشتنی زۆر باش له‌ نێوان كوتله‌ی كوردی و سووننه‌كان هه‌یه‌ له‌سه‌ر پشكی كورد له‌ بووجه‌ی گشتی عێراق، به‌ڵام ئه‌وانیش داوایان كردووه‌ كه‌ كورد نه‌وته‌كه‌ راده‌ستی عێراق بكات.


روونیشیكرده‌وه‌: له‌ دوای هاتنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری داڤۆس و ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، پێده‌چێت دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌ و كێشه‌كانی به‌رده‌م ماف و ئیمتیازاتی كورد له‌ به‌غدا تاوتوێده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌رێم ده‌بێت په‌له‌ بكات بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م گفتوگۆیانه‌.
 





loading...