مانگانە 100 ملیۆن دینار بۆ ئه‌م توێژانه‌ی هه‌رێم تەرخان کراوە


نەتەوە  |   16:59:01 2020-01-23  |   (189) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەرپرسێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاشكرای دەكات، مانگانە 100 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری نەخۆشی و نەشتەرگەریی سەرجەم میراتگرانی پلەی یەکی شەهیدان و ئەنفالکراون تەرخان کراوە.
A+    A-

 

داماو محەمەد عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدانی هەولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی رایگەیاندوه‌، بەردەوامن لە پێدانی پارە بە كەسوكاری شەهیدان، بۆ چارەسەری تەندروستی و "مانگانە 100 ملیۆن دینار لە لایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان بۆ خەرجیی چارەسەری تەندروستی بۆ كەسوكاری شەهیدان خەرج دەكرێت، لەو بڕە پارەیە 34 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی هەولێر دەبێت، ئەوەی تریش بۆ پارێزگاكانی تر دەبێت".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، زیاتر لە دوو هەزار فایلی تەندروستییان لەلایە و بە وەجبە پارەیان بۆ خەرج دەكرێت، ده‌شڵێت: "پارەكە بەراورد بە دۆسێكان كەمە، بەهۆی قەیرانی دارایی دۆسێیەكی زۆرمان لەسەر ماوە و پسوولەی خەرجیی تەندروستی بۆ ساڵی 2012 تەواو بووە، 2013 خەریكە تەواو دەبێت، زۆر لەدواوەین، چونكە بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو خەرجییانە وەستابوون".


بەهۆی قەیرانی دارایی، لە ساڵی 2014وە خەرجیی چارەسەری تەندروستی بۆ كەسوكاری شەهیدان وەستابوو، لە ساڵی 2018وە دەستی پێكردووەتەوە.


داماو محەمەد، روونیشیكردۆته‌وه‌، خەرجیی چارەسەری كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان جۆراوجۆرە، كەمترینی 200 هەزار دینارە و زۆرترینیشی دوو ملیۆن دینارە.


بەرپرسەكەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان جەختیشیكردەوە، ئەو هاوكارییە داراییەی دێت بەپێی تێچووی چارەسەریەكانیان، 3% یان 5% یان 7%ی پارەكانیان پێ دەدرێتەوە.

بەپێی رێكکەوتنێك، كە لە ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، دۆسێی چارەسەركردنی كەسوكاری شەهیدان دراوەتە وەزارەتی تەندروستی، چونكە داواكاریی زۆر بوو، خەرجیشی زۆر بوو، بۆیە ئێستا كەسوكاری شەهیدان لە نەخۆشخانە حكوومییەكان بێ بەرامبەر چارەسەریان بۆ دەكرێت، لە نەخۆشخانە تایبەتەكانیش داشكانیان لە خەرجییەكان بۆ دەكرێت، كە لەنێوان 20% بۆ 40%ە.
 





loading...