ناوەڕۆکی کۆبونەوەی بەرهەم ساڵح و سەرۆكی ئەمریكا لە داڤۆس خرایه‌ڕوو


نەتەوە  |   16:37:34 2020-01-22  |   (181) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا لە داڤۆس کۆبونەوە و لەبارەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان کرد. 
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردۆته‌وه‌، د. بەرهەم ساڵح، لە میانی بەرنامەی كاری كۆبونەوەی رۆژانەی لەگەڵ سەركردە و سەرانی وڵاتانی جیهان و لە پەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ کۆبونەوە.


ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە، لە پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سەر هەردو ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا ئاماژەیكردوه‌ بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وەك تاكە رێگەچارەیەك بۆ زامنكردنی هێنانەدی ئاشتی سەرتاسەری لە ناوچەكەدا.


هه‌روه‌ها بەرهەم ساڵح جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "عێراق سورە لەسەر دروستكردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ تەواوی دۆست و هاوپەیمانەكانی كە ببێتە مایەی پتەوكردنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆ و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق، هەروەها بەردەوامیدان بە گەشەسەندنی ئابوری و بونیادنانەوە و رێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان".


لای خۆشیه‌وه‌ سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ سەقامگیری عێراق و سوربونی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییە هاوبەشەكان و فراوانكردنی مەودای هاریكارییەكان لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردو گەڵ بكات.


هاوكات سەرۆكی ئەمریكا رۆڵی میحوەری عێراقیشی بەرزنرخاند لە ناوچەكەدا و هەر لەو دیدارەدا بونی هێزە بیانییەكان و كەمكردنەوەی ژمارەیان لە عێراق و گرنگی رێزگرتن لە داواكاری گەلی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری نیشتمانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێكراوه‌.
 





loading...