وەزارەتی دارایی نوسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وەزارەت و فەرمانگەكان دەكات


نەتەوە  |   19:28:08 2020-01-19  |   (233) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وه‌زاره‌تی دارایی له‌ نوسراوێكدا، كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی كردووه‌، ئاماژەی بە چۆنیەتی خەرجییەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەت داوه‌، تاوەكو بودجەی 2020ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەسند دەكرێت.
A+    A-

 

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە رۆژی 16/1/2020 دەرچووە، ئاماژە بە چۆنیەتی خەرجییەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەت كراوە و تێیدا هاتووه‌، تاوەكو بودجەی 2020 پەسند دەكرێت پێشینەی بەردەوامی مانگانە بۆ داموو دەزگاكان خەرج دەكرێت ئەویش دوای فەرمانی نوێكردنەوەیان.


به‌گوێره‌ی بڕیارەكان پارەی مانگانەی پاككردنەوە و خواردنی نەخۆشخانە و خواردنی بەندییەكان و خاوێنكردنەوەی شار و شارۆچكەكان و فرۆكەخانەكان و كرێی ئۆتۆمبێل و خانوو باڵەخانەكان بە جیا لە پێشینەی مانگانە خەرج دەكرێت، ئەویش بەو مەرجەی لە كاتی پەسندكردنی بودجەی 2020 تەرخانی بۆ دابندرێت لە لایەن وەزارەت و فەرمانگەكان.


رونیشكراوه‌ته‌وه‌، بە پێی بوودجەی مانگانەیان رێگە دەدرێت بە فەرمانگەكان هەندێك پێویستی گرنك و ئامێرو كەلوپەل بكردرێت ئەویش بە دیاریكردنی رێژەی 5% بۆ 30% لە كۆی پێشینەی مانگانە تێپەڕ نەكات ئەویش بە پێی پێشینەكە.


به‌پێی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، سەرجەم پاداشت و هاوكارییەكان رادەگیرێت، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەكان نەبێت، چونكە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران رێگەی پێدراوە، جەختیشكراوه‌ته‌وه‌، نابێت هیچ خەرجكردنێك لەسەر داهاتە ناوخۆییەكانی وەزارەتەت و فەرمانگەكان بكرێت.


ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، ئەگەر لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و پێشینەی مانگانە هەندێك گرێبەست بۆ كڕینی كاڵا و كەلوپەل بكرێ ئەوە وەزارەتی دارایی بەرپرس نابێت لەو بابەتە.


ئەوەش هاتووە، نابێت بە بێ رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ فەرمانبەرێك ئیفاد بكرێت بۆ دەرەوە، ئەگەر بەم جۆرە كرا ئەوە پارەی بۆ خەرج ناكرێتەوە، ئەگەر رەزامەندی ئیفادیش هەبوو دەبێت لەسەر پێشینەی مانگانە پارەكە خەرج بكرێت.
 





loading...