موچه‌ی خانەنشینی ئه‌م كه‌سانه‌ به‌ڕێژه‌ی 15% كه‌مده‌كرێته‌وه‌


نەتەوە  |   13:20:28 2020-01-15  |   (108) جار خوێندراوەتەوە

loading...
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی دەدرێت و پێیوایە ئەو پێشنیازە چاوەڕوان دەکرێت دەنگ بەدەست بهێنێت، کە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران دادەبەزێنێت بۆ 15%.
A+    A-

 

بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لەبه‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی رووداو، سەبارەت بە پرۆژەیاسای چاکسازی، کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و بڕیارە سبەی (پێنجشەممە 16-01-2020) دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدات، رایگەیاند: "دانیشتنی رۆژی پێنجشەممە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی و بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ لەسەر ماددەکانی ناکرێت".


 ناوبراو لەبارەی کەمکردنەوەی خانەنشینی پلە تایبەتەکان و بە دیاریکرداویش پەرلەمانتاران، وتی: "یەکەم جارە پەرلەمان لەم خولەدا مووچەی خانەنشینی خۆی کەمبکاتەوە، ئەو پێشنیازەی چاوەڕوان دەکرێت دەنگی لەسەر بدرێت و پەسندبکرێت، پەرلەمانتارا بە رێژەی 15% خانەنشین دەکرێت، ئەویش تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵ بێت و ماوەی 15 ساڵیش خزمەتی هەبێت".


سەرۆکی لیژنەی یاسایی سەبارەت بە زیادکردنی مووچەی خانەنشینی شارستانی وتی: "لە ئەنجامی پەسندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە و گەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ داهاتی حکومەت، کاری لە پێشینە بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینی شارستانییە، ئەمەش لەناو یاسایەکە ئاماژەی پێدراوە".


بڕیاره‌ رۆژی پێجشەممە کاتژمێر 11:00 کۆبوونەوەی په‌رله‌مان بەڕێوەبچێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشتی گشت ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كردووه‌ بۆ ئاماده‌بوون له‌دانیشتنی ژماره‌ (15)ی ئاسایی، ساڵی یه‌كه‌م له‌ خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مان.
 





loading...