بۆچی هەندێك ئۆتۆمبێل فڵچەی جامی دواوەیان نییە؟ 


نەتەوە  |   20:14:47 2020-01-10  |   (183) جار خوێندراوەتەوە

loading...
به‌شێكی زۆر له‌ ئۆتۆمبێله‌ نزمه‌كان (سیدانه‌كان)، فڵچه‌ی جامی دواوه‌یان نییه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی زانستی ھەیە.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ په‌یجی ڕادیۆی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی سلێمانی، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی ئۆتۆمبێلە سیدانە نوێیەكان بەشێوەی ھەوابڕ دروست دەكرێن، تا كەمترین بەرگریی ھەوا لەسەریان ھەبێت، شووشەی دواوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەشێوەیەكی زۆر لێژ دادەنرێن، كە ھەندێك جار دەگات بە نزیكی ئاستی ئاسۆیی، بۆیە تەوژمی ھەوا كە لە پێشی ئۆتۆمبێلەكەوە بەرز دەبێتەوە، بەر جامی دواوە دەكەوێت و ھەر جۆرە ئاو و تەپوتۆزێكیان پێوە بێت، پاكی دەكاتەوە.


رونیشكراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌، دانانی فڵچە بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەبێتە كارێكی زیادە و تەنانەت ئەگەری ئەوەش ھەیە بەھۆی بەرگریی ھەوا لەكاتی كاركردندا بشكێن، یان زیان بە جامەكە بگەیەنن.


له‌به‌شێكی تری زانیارییه‌كاندا هاتووه‌، له‌ ئۆتۆمبێلە ھاچباگ (ئۆتۆمبێله‌ جانتاكان) و ئێس یوو ڤییەكاندا (ئۆتۆمبێله‌ نیوبڵنده‌كان) بە شێوەیەكی دیكه‌یه‌، جامی دواوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە زیاتر نزیكە لە شێوە ستوونی، ئەو ھەوایەی لە پێشی ئۆتۆمبێلەكەوە دێت بە سەرەوەی ئۆتۆمبێلەكەدا تێپەڕ دەبێت و بەر جامی دواوە ناكەوێت، جگە لەوەش تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكە بە خێرایی وا دەكات، گیرفانێكی ھەوایی پەستان نزم لە دواوەوەی ئۆتۆمبێلەكە دروست ببێت و بەھۆی نزمیی پەستانەكەشەوە، ھەرچی ئاو و تەپوتۆزی ناو ھەوایە ڕادەكێشرێت و بە جامی دواوە دەنووسێت.


له‌ كۆتایشدا هاتووه‌، بۆیه‌ دانانی فڵچە دەبێتە كارێكی پێویست، ھەم بۆ پاككردنەوەی جامەكە، ھەم بە ھۆی ئەوەی ھیچ فشارێكی ھەوای لەسەر دروست نابێت و ئەگەری زیانگەیاندنی بە جامەكە سفرە.
 





loading...