بۆ ماوەیەکی نادیار واز لە گۆرانی وتن ده‌هێنێت


نەتەوە  |   20:32:14 2020-01-07  |   (185) جار خوێندراوەتەوە

loading...
گۆرانی بێژی كورد "نەوید زەردی" لە پەیامێکدا، کە لە لاپەڕە تایبەتیەکەی خۆی بڵاویکردۆتەوە، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، واز لە کاری هونەری دەهێنێت بۆ ماوەیەکی نادیار و دەشڵێت" ئەگەر تەمەن دەرفەت بدات دەگەڕێمەوە".
A+    A-

 

نەڤید لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هەموو ئەو ساڵانەی ژیانم. خۆم زۆر هیلاک و ماندوو کرد. هیچکات کاتم بۆ خۆم و بۆ بنەماڵەکەم نەبوو. تەنانەت نەمتوانی پەیوەندییەکی خۆشەویستی سەرکەوتووش دروست بکەم و بیر لە ژیانی داهاتووی خۆم بکەمەوە، پارە، ناوبانگ، دەسەڵات و بەڕێوبەرایەتی هیچ کات دڵخۆشی نەکردم و زیاد لە چوار ساڵیشە من یەک شەو بە ئارامی نەخەوتوم، لەبەر ئەوەی ئەوەندەم دڵەڕاوکێ و مەشغولییەت بۆ خۆم دروست کردووە، کە چێژ لە هیچ شتێک و تەنانەت هیچ شۆێنێکیش نابینم".


دەشڵێت" ئاواتەخواز بووم خزمەت بە وڵات و خەڵکی خۆم بکەم و بەپێی تواناکانم کورد بە جیهان بناسێنم. تا حەدێکیش توانیم ئەوە بە ئەنجام بگەیەنم.ئەو ۸٠ ملیۆن بینەرەی یوتوب بۆ سەرجەم گۆرانییەکانم پاڵپشتن بۆ ئەم قسانەم، لە کارەکانمدا تا ئێستا هاوکاریی چەندین هونەرمەندی تریش بووم، تەنانەت یەک بە یەکی تەجروبەکانی خۆم لە ناخەوە لەگەڵ ئەواندا بەش کردووە، چونکە ئامانجم سەرکەوتنیان بووە. من توانیم ئەو کارە بکەم، چونکە لە هونەر و شەونخونی و تواناکانی خۆم کەڵکم وەرگرت بۆ یارمەتیدانی زۆر کەسی تر. پێم خۆش بوو زۆرترین کەس سوودم لێ ببینن. بەڵام لە کۆتاییدا نەک تەنها بێوەفایی، بەڵکو خراپەشم بەرامبەر کراوە. وردە وردە کە هەست بە پێنەزانینی خەڵکی دەکەیت و دەبینیت ناحەقیت بەرامبەر دەکەن، ئیتر دەتەوێت دور بیت لێیان و لە تەنیایی خۆتدا دڵتەنگ بیت بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆت بدۆزیتەوە".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، " زۆربەمان زۆر شت دەکەین بە قوربانی و بیر و بڕواکانمان لە پێناوی کوردبون و نیشتمانەکەماندا بەخت دەکەین، بەڵام کەسێک نییە درک بەو قوربانیانە بکات، کە دەدرێت. منیش یەکێک بووم و هەتا ئێستاش ئەو کەسەم کە ئاواتەخوازم خزمەت بکەم. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دێن و بە شێوازێکی ناڕەوایانە حوکمت لەسەر دەدەن، بوختانت بۆ دەکەن و لەگەڵ کەسانی تر لە یەک ئاست داتدەنێن و هەڵتدەسەنگێنن. بەدەر لەمەش ڕۆژانە بۆ نەمانت کەسی دور و نیزیک لەخۆت درۆ دەکەن و بۆ ناشرین کردنت تەنانەت چرکەیەکیش ڕاناوەستن. لەو کاتانەدا نە بوون و نە هیچ شتێک چ چێژێک نابەخشن بە مرۆڤ".


نەوید له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌ی نوسیویه‌تی: "لە پێناو وڵات و کورد و کوردستان بۆ وڵاتی داگیرکەران سەر دانەنەوێنیت، زۆریەک لە دەرگاکان لەسەر خۆت دابخەی، بەڵام ئەو دەرگایانەی تۆ بۆ کەسی تری دەکەیتەوە لە وڵاتی خۆت لەسەر خۆت داخراو بێت، دەیان و هەزاران خەڵکی بیانیش زۆر بە ئاسانی لەسەر خاکی تۆ هەزاران شت بکەن".


لە کۆتای پەیامەکەیدا نەوید ده‌ڵێت: "ڕۆژێک دەگەڕێمەوە ئەگەر ژیان ڕێگەم پێ بدات، بەڵام ئەوجارە زۆر بە هێزتر و بە شێوازێکی نوێ".
.
 





loading...