له‌باره‌ی ئه‌م قه‌رزه‌وه‌ رێنمایی نوێ ده‌رده‌كرێت


نەتەوە  |   20:51:54 2020-01-05  |   (199) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە كشتوكاڵییەكان، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوه‌كانی ئاو رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر، وتەبێژی وەزارەته‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، "چاوەڕێین ئەنجومەنی وەزیران رێنماییە نوێیەكە پەسەند بكات".
A+    A-

 

له‌و باره‌یه‌وه‌، حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی دواڕۆژ رایگەیاندوه‌، "لە كۆبوونەوەی 18/9/2019ی ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزارەتی ئێمە و وه‌زاره‌تی دارایی راسپێردراین بۆ نووسینەوەی رەشنووسێكی نوێی رێنمایی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی كشتوكاڵی لای جووتیاران، كە بڕەكەی 222 ملیار و 533 ملیۆن دینارە".


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، "پێش سەری ساڵ رێنماییە نوێیەكەمان ئامادەكرد و ناردوومانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەندكردنی و چاوەڕێ دەكەین ئەمساڵ دەست بە وەرگرتنەوەی قەرزەكان بكرێت".


وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ لەبارەی ناوەڕۆكی رێنماییە تازەكە، وتی: "بەگوێرەی رێنماییە نوێیەكە ئاسانكاریی زیاتر بۆ ئەو جووتیارانە كراوە، كە قەرزەكانیان لایە و ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەكان درێژتر كراوەتەوە و دابەشكراوە بەسەر ساڵانی دوورتردا، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر جووتیاران و خاوەن قەرزەكان دروست نەكات".


لە ساڵی 2009 تا ساڵی 2013، قەرزی كشتوكاڵی بە جووتیاران و خاوەن پرۆژە كشتوكاڵییەكان دەدرا، به‌ڵام دواتر بەهۆی قەیرانی داراییه‌وه‌ وەرگرتنەوەی قەرزەكە و پێدانی قەرزی نوێ راگیرا، ئێستا بەشێكی خاوەن قەرزەكان ماوەی دانەوەی قەرزەكانیان كۆتایی هاتووە، حكومەتیش بەهۆی قەیرانی داراییه‌وه‌ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی دواخستووه‌.
 





loading...