ئەردۆغان بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە بەرهەم ساڵحەوە دەکات


نەتەوە  |   17:22:06 2020-01-04  |   (141) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی هەردوو سەرۆک کۆماری عیراق و تورکیادا جەخت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی تیرۆرو توندڕەویی دەکرێتەوە.
A+    A-


راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە بەیاننامەیەکیدا کە  ئەمڕۆ شەممە 2020/1/4 بڵاوکرایەوە، ئاماژە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی هاوتا تورکییەکەی کراوە، كە تێیدا هاتووە ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەردۆغانەوە پێگەیشتووە و تێیدا هەردوولا دۆخی ئێستای عیراق و ناوچەكە و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان تورکیا و عیراقیان  تاوتوێ كردووە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بەرهەم ساڵح پێداگریی لەسەر سەقامگیریی عیراق و پشتیوانیكردن لە یەكێتی عیراق و پاراستنی سەروەریی و سەربەخۆییەکەی کردووە بۆ ڕێگریكرن لەوەی عیراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی و جەختیشی لەسەر ئەوە كردووەتەوە لەبارەی گرنگیی توانای دامەزراوە نیشتمانییەكان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیدا.

 

ساڵح دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی خستووەتەڕوو و دەشڵێت، “عیراق سوورە لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی لەگەڵ توركیادا، كە دراوسێیەكی گرنگە”.

 

ئاماژەشی بەوەداوە کە عیراق ستایشی دۆستان و دراوسێكانی دەكات لە پشتوانیكردنی سەروەریی و پاراستنی سەقامگیرییەكەی و ڕێگریكردن لەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێ، كە ئەمە نەك تەنیا زیان لە بەرژەوەندیی گەلی عیراق و ئایندەکەی دەدات، بەڵكو زیان لە بەرژەوەندی و سەقامگیریی تەواوی ناوچەكە دەدات.

 

باسیشی لە پێویستی هاوكاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردووە لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانەكان و بونیادنانی هاوبەشییەكان.

 

هەردوولاش رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لە سەرەوەی كارەكاندا گرنگی بە ڕوبەڕوبونەوەی توندڕەویی و تیرۆر بدرێت و سەقامگیریی ناوچەكە لەڕێگەی هاوكاریی و لێكتێگەیشتنی نێوان گەلان و وڵاتانەوە بەهێز بكرێت.





loading...