بەرهەم ساڵح له‌سه‌ر كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


نەتەوە  |   16:09:48 2020-01-03  |   (146) جار خوێندراوەتەوە

loading...
سەرۆککۆماری عێراق داوا لە هەمووان دەکات دان بە خۆیان بگرن و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بخرێتە سەرووی هەموو شتێکەوە، هاوكات خەمگینی خۆی بۆ كوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەردەبڕێت.  
A+    A-

 

لە راگەیه‌ندراوێکدا د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌،"بە خەم و پەژارەوە هەواڵی شەهیدبوونی هەردوو سەرکردە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی-مان پێگەیشت، کە رۆڵێکی گرنگ و یەکلاییکەرەوەیان هەبوو لە شەڕی دژی داعشی تیرۆریست".


سەرۆککۆماری عێراق ده‌شڵێت: ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەین کە فەرماندە ئەمنییەکانی دامەزراوەی سەربازیی عێراقی کردووەتە ئامانج، بێگومان کاریگەری و لێکەوتەی ئەمنی بەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت، ئەگەر خوانەخواستە هۆشمەندان دەستپێشخەر نەبن و دەنگی عەقڵ و لۆژیک باڵا نەبێت و کاریگەرە کەڵەکەبووەکانی ئەو پەلامارە چارەنەکرێن، کە بە روونی هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتیی ناوچەکە و عێراق.


بەرهەم ساڵح دووپاتیشیده‌كاته‌وه‌، داوا لە هەمووان دەکەین دان بە خۆیان بگرن، دەنگی عەقڵ و دانایی  و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخرێتە سەرووی هەموو شتێکەوە.


ئەوەی خستووەتەڕوو، لەو دۆخە تایبەتە ئەرکمانە پابەندبین بە یەکڕیزی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراق، دوورخستنەوەی وڵات لە کارەسات و ململانێی سەربازی کە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا هەبووە، تاوەکو ئێستاش کاریگەری و برینەکانی ساڕێژ نەبوون.
 
دەقی راگەیه‌ندراوەکەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق:
 
بەو پەڕی دڵگرانی و ماتەمینییەوە هەواڵی شەهیدبوونی هەردوو سەركردە شەهید حاج ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و شەهید حاج قاسم سولەیمانی-م پێگەیشت، كە رۆڵێكی گرنگ و كارایان گێڕا لە بەگژاچوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش و ئەو جەنگەیان زۆر خۆنەویستانە و بە وێنایەكی جوانەوە بردەوە.
 
ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشە دووژمنکارییە دەکەین کە فەرماندە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق دەکاتە ئامانج کە بێ گومان کاریگەری ئەمنی لەسەر عێراق و ناوچەکە دەبێت کە خوانەخواستە ئەگەر عاقڵمەندان دەنگی هەرە بەرزی چارەسەکردن نەبن و هەوڵی نەهێشتنی کاریگەری ئەو هێرشە دووژمنکارییە نەدەن کە هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی ناوچەکە و عێراق.
 
داوا لە هەموو لایەك دەكەین كە دان بەخۆدا بگرن و دەنگی عەقڵ و ژیری زاڵ بكەن و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بخەنە پێشەوە.
 
لەم دۆخە هەستیارەدا ئەركمانە یەكێتیمان بپارێزین و ریزەكانمان یەك بخەین و جیاوازییەكان بە كاتی وەلا بنێین لە پێناو پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندی نیشتمانی باڵا و پارێزگاریكردن لە سەروەری عێراق و ئاسایشەكەی، وڵات و گەلەكەی لە كارەسات و ململانێی چەكداری بپارێزن كە بۆ چوار دەیەیە وڵاتی گیرۆدە كردوە و تا ئێستاش پاشماوەی برینەكانی سارێژ نەبووە.
 
شكۆمەندی و نەمری بۆ شەهیدان و ئەوانەی كە خۆێنی خۆیان بەخشی لە پێناو عێراق و پارێزگاریكردن  لە زەوییەكەی، داواكارین لە یەزدان هەمووان بەر رەحمەت و بەزەیی خۆی بخات و ئارامی و سەبووریش بە كەسوكاریان ببەخشێت.
 
وإنا لله وإنا إلیه راجعون
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار
 





loading...