وردەكاری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ترەمپ و عەبدولمەهدی ده‌خرێته‌ڕوو  


نەتەوە  |   14:44:57 2020-01-01  |   (176) جار خوێندراوەتەوە

loading...
له‌ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆك وەزیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، هێزە عیراقییەكان بەردەوامن لەسەر پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و تەواوی نێردە دیپلۆماسییەكان، سەرۆكی ئەمریكاش ئاماژه‌ به‌ متمانەی خۆی بە گرنگی ڕۆڵی عیراق و سەركردەكانی دەكاتەوە.
A+    A-

 

له‌بەیاننامەیەك، كە لەلایەن نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراقەوە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، "عەبدولمەهدی لە كاتژمێر 9:30ی شەوی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاوە پەیوەندی پێوەكراوە و باس لە ڕەوشی عیراق و پەرەسەندنەكانی دەورووبەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا كراوە لە بەغدا".


له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، عەبدولمەهدی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، باسی لە مەترسی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كردووە و پێشتر دەرهاویشتە مەترسیدارەكانی بۆ وەزیری بەرگری ئەمریكا خستۆتەڕوو، جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، هێزە ئەمنییەكانی عیراق، بەردەوامن لە بەجێگەیاندنی ئەركی خۆیان لەڕووی پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و نێردە دیپلۆماسییەكانی تر".


سەرۆك وەزیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق هه‌روه‌ها باسی لە ڕەوشی ئیقلیمی كردووە و بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، "حكومەتی عیراق بەردەوام هەوڵی بەستنی پەیوەندی باشی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و كۆماری ئیسلامی ئێران و بە هەمان شێوە لەگەڵ وڵاتە خۆرئاواییەكان و لەپێش هەموو ئەو وڵاتانەش، ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەڵام ڕەوشەكە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران تێكچووە".


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، عیراقیش دەیەوێت وڵاتی ناوبژیوان بێت و هەوڵ بۆ هێوركردنەوە بدات، تا جەنگ لە عیراق و لە هەمووان دووربخاتەوە، عەبدولمەهدی بە سەرۆكی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، "ئێوە باس لەوە دەكەن، كە جەنگتان ناوێت، هەمان هەڵوێست لە سەركردە ئێرانییەكانیش دەبیستین، عیراقیش جه‌خت لەسەر گرنگی دانوستان دەكاتەوە".

لای خۆشیەوە سەرۆكی ئەمریكا، "دووپاتی لەسەر متمانەی خۆی بە ڕۆڵی عیراق و سەركردەكانی كردۆتەوە، كە دەتوانن لەو بوارەدا ڕۆڵی خۆیان ببینن".


هاوكات وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە، هەردوو سەرۆك "لەسەر هێشتنەوەی هێڵی ڕاستەوخۆ و كراوە لەنێوانیاندا بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەكان، ڕێككەوتوون".
 





loading...