ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە


نەتەوە  |   16:16:39 2019-11-07  |   (103) جار خوێندراوەتەوە

loading...
لەبارەی مانگرتنی ژمارەیەک لە دادوەر و ئەندامانی دواکاری گشتیی گەرمیانەوە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم رایدەگەیەنێت: ئەو مانگرتنە پەیوەندیی بە هیچ بابەتێکی تایبەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە یاداشتنامەیەکەوە هەیە کە چەند دادوەرێک لە گەرمیان پێشکەشیان کردبوو بە ئەنجومەنی دادوەری.
A+    A-

راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەبارەی مانگرتنی ژمارەیەک لە دادوەر و ئەندامانی دواکاری گشتیی گەرمیانەوە، سەرسامیی خۆشی لە دزەکردنی نووسراوە نهێنییەکان رادەگەیەنێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

 

وەڵامێك لە ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە كێشەی ژمارەیەك دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی لە گەرمیان

 

ماوەی چەند رۆژێكە هەواڵی مانگرتنی ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە دادگای ناوچەی گەرمیان بڵاوبووەتەوە.  ئێمە وەك ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بكەینەوە:

ژمارەیەك لە دادوەر و ئەندامانی داواكاری گشتی بەڕێز لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك- گەرمیان چەند رۆژێكە مانیان گرتووە گوایە سەبارەت بە چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە ئەنجومەنی دادوەریی و سەرۆكایەتی دادگای كەركوك- گەرمیان

.

ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو مانگرتنە، پەیوەندیی بە هیچ بابەتێكی تایبەتەوە نییە، بەڵكو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە كە چەند دادوەرێك لە گەرمیان پێشكەشیان كردبوو بە ئەنجومەنی دادوەری و لەبەر ئەوەش ئەنجومەنی دادوەری بە نووسراوی (ژمارە 1/3/45 نهێنی) لە رێكەوتی 25/8/2019 داوا لە سەرپەرشتیاری دادوەری لە دادگای سلێمانی و گەرمیان كرد كە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكەدا بكات. لە ئەنجامدا سەرپەرشتیاری دادوەری لە سلێمانی و گەرمیان راپۆرتێكی تێرو تەسەلی لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی دادوەری كرد بە (نووسراوی ژمارە 1/نهێنی لە26/9/2019)  و تێیدا وتەی گشت دادوەرەكان و ئەندامانی داواكاری گشتی و چەند شایەتحاڵێكی دیكە وەرگیران، چونكە تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابوونە پاڵ بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك- گەرمیان و لە ئەنجامدا دەركەوت كە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكیان نیە و پێیان نەسەلمێنرا. بە پێی راپۆرتی سەرپەرشتیاری دادگاكانی سلێمانی و كەركوك- گەرمیانیش ئەو ئەنجامانە دەركەوت:

1-  دروستكردنی تەكەتول لە دژی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك گەرمیان و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام پەنایان بردووە بۆ دەزگای حزبی و ئیداری و سەردانكردنیان بۆ مەبەستی لادانی بەڕێز سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوە كە بەڕێز دادوەر (ئەكرەم فەرەج ئەمینە. )بۆیە ئەنجومەنی دادوەری بە كۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیاری دا بە   پەسەندكردنی راپۆرتی سەرەوەی سەرپەرشتیارانی دادوەری دادگاكانی سلێمانی و گەرمیان.

 2-رەتكردنەوی سكاڵای چەند دادوەرێك دژ بە سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك- گەرمیان چونكە دەركەوت هیچ بنەمایەكی یاساییان نییە و هەروەها رەوانەكردنی ئەو چەند دادوەرە بۆ لیژنەی كاروباری دادوەران لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە خستبوویانە پاڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك گەرمیان بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری.

    3- داواكرا لە وەزارەتی داد بەرێگەی بەڕێز سەرۆكی داواكاری گشتی بۆ ناردنی چەند ئەندامێكی داواكاری گشتی بۆ لیژنەی كاروباری ئەندامانی داواكاری گشتی بە پێی یاسای داواكاری گشتی.

 

هەروەها سەبارەت بە چەند لێدوانێك كە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێك لە ئەندامە بەڕێزەكانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڵاوبۆتەوە كە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە، لێرەدا رایدەگەیەنین كە ئەو لێدوانانە دوورن لە راستیەوە و تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار كراوەتەوە كە پابەندبێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونكە هەموو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئامادە دەبێت بۆ دەوام و هەروەها كەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەركەكانی لە دادگای پێداچوونەوە هەیە، چونكە ئامادە نابێت لە بەشداریكردن لە تاوتوێكردنی كێشە و داواكان لە هەردوو دەستەی سزایی و شارستانی.

 

بۆیە پێمان سەیرە كە زانیاری نووسراوە نهێنییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبنەوە چونكە نووسراوەكە بە نهێنی ئاراستەی دادوەری نێوبراو كراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم





loading...











زۆرترین بینراوەکان