مه‌سرور بارزانی: كێشه‌مان له‌ راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ به‌غدا نیه‌


نەتەوە  |   21:04:10 2019-11-06  |   (971) جار خوێندراوەتەوە

loading...
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئه‌گه‌ر به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم بنێرێت هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌ راده‌ستكردنی نه‌وت نیه‌"، له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، نیوه‌مووچه‌ی خه‌ڵك حكومه‌تی عێراق به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه‌، چونكه‌ بودجه‌ی هه‌رێمیان نه‌ناردوه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵ بیداته‌وه‌.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی تشرینی دووه‌م، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌میانی دیبه‌یتێك له‌ دیداری مێری رایگه‌یاند: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا فره‌ ره‌هه‌نده‌، له‌ سه‌ره‌تای پێكهێنانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك وه‌زیر سه‌ردانی به‌غدامان كرد نه‌ك ته‌نها بۆ نیه‌تباشی، به‌ڵكو ژماره‌یه‌ك پیشنیارمان بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندی نێوانمان ئاڕاسته‌ی به‌غدا كرد.


وتیشی: "دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بونه‌ته‌ كێشه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌وانیش پرسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و مه‌له‌فی ئه‌منی له‌گه‌ڵ پرسی بودجه‌ و نه‌وت و غاز، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌ی تایبه‌تمان دروستكردووه‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ده‌ستكه‌وتی باش هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌له‌فی ئه‌منی و دژایه‌تیكردنی تیرۆر، چونكه‌ سه‌قامگیری هه‌رێم و به‌غدا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌، به‌هۆی كێشه‌كانی پێشتر له‌ سنوری سوریا تا دیاله‌ بۆشایی ئه‌منی دروستبوو.


ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: بۆ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان به‌ تایبه‌ت كه‌ركوك ماده‌ی 140 چاره‌سه‌ری ده‌ستوری ئه‌و بابه‌ته‌یه‌، هه‌ندێ گۆڕانكاری هاتنه‌ پێشه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌یان ئاڵۆزتر كرد، بۆ چاره‌سه‌ركردنی پێویستی به‌ پێدانی كاته‌، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌نگاو نه‌نێین.


رونیشیكرده‌وه‌، پێشتر 17% وه‌ك به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، به‌ڵام به‌ بڕیارێك دایانبه‌زاند بۆ 12.6% ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌كان لێكبدرێته‌وه‌ له‌و نه‌وته‌ی بۆ پێویستی ناوخۆ به‌كاردێت و ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ نه‌فه‌قاتی سیادی به‌كاردێت له‌ ده‌وری 5% بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت.


مسرور بارزانی هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌ بابه‌تی نه‌وت و غاز له‌ دوای 2014 حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی به‌ ناردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ كرد، ئه‌ویش به‌ هۆكاری تێكچوونی په‌یوه‌ندی هه‌ولێر و به‌غدا، به‌شێوه‌ی سیسته‌ماتیكی دورخستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ ناوه‌ندی بڕیار و شه‌راكه‌ت له‌ به‌غدا، سه‌رهه‌ڵدانی داعش و هاتنی زیاتر له‌  2.5ملیۆن ئاواره‌ له‌ عێراق و سوریا كه‌30%  ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی زیادكرد، دابه‌زینی نرخی نه‌وت هه‌موو ئه‌وانه‌ وایكرد حكومه‌ت بكه‌وێته‌ باری قورسی دارایی، ده‌بوایه‌ به‌دوای سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات بگه‌ڕێت ئه‌وه‌بوو ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كرا.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم راده‌ستی به‌غدا ناكرێت راست نیه‌، ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی هه‌رێم هه‌نارده‌ی ده‌كات نیوه‌ی ده‌بێته‌ خه‌رجیی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌ ده‌بێت عێراق له‌ بودجه‌ی سیادی دابینیبكات، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ 300 بۆ 320 ملیۆن دۆلاره‌ ده‌چێته‌ بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم دابینبكات ئه‌وا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ راده‌ستكردنی نه‌وتدا نیه‌.


وتیشی: پاره‌ی پتڕۆدۆلار بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان نه‌كراوه‌، قه‌رزێكی زۆری حكومه‌تی هه‌رێم لای به‌غدایه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 44 ملیار دۆلاره‌ له‌ 2014-ه‌وه‌ نه‌یناردوه‌، نیوه‌مووچه‌ی خه‌ڵك حكومه‌تی عێراق به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه‌، چونكه‌ بودجه‌ی هه‌رێمیان نه‌ناردوه‌ و ده‌بێت حكومه‌تی فیدڕاڵ بیداته‌وه‌.





loading...











زۆرترین بینراوەکان