بەڵگەنامەیەكی تری فەرمی بۆ مووچەخۆران زیاد دەكرێت


نەتەوە  |   13:25:06 2019-10-29  |   (4,109) جار خوێندراوەتەوە

loading...
كارتی "بایۆمەتری دەنگدان" دەكرێتە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و جەخت دەكرێتەوە كەوا دەبێت سه‌رجه‌م مووچەخۆران هەیان بێت.
A+    A-

 

بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كه‌ بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان نێردراوە ئاماژە بەوەكراوە، كەوا دەبێت نوسراو بۆ فەرمانگە حكوومیەكان ونیمچە حكوومیەكان بكرێت بەوەی فەرمانبەرانیان پابەند بكرێن بۆ تۆماركردن و نوێكردنەوە و وەرگرتنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی هەڵبژردن ناسراو بە بایۆمەتری.


كۆمسیۆن جەختی كردۆتەوە، پێویستە لە ناو هەرێمی كوردستاندا كارتی دەنگدان وەكو بەڵگەنامەیەكی فەرمی پشتی پێ ببەسترێت و كاری پێ بكرێت.


لە دوای ئەو نوسراوە، ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان داوای لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست بۆ بڕیارەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق.


له‌وباره‌یه‌وه‌ ئارام سەباح، بەرێوەبەری گشتی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق له‌ لێدوانێكدات بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) رایگەیاندوه‌، بڕیاری كۆمیسیۆنە كەوا كارتی بایۆمەتری هەڵبژاردن بكرێتە بەڵگەنامەیەكی فەرمی بۆ مووچەخۆران و خەڵكی تریش، "رێكارێك گیراوەتەبەر و نوسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كراوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران پابەند بكرێن بە دەركردنی كارتی بایۆمەتری هەڵبژاردن، ئەنجومەنی وەزیرانیش داواكاریەكەی قبوڵكردووە".


روونیشیكردۆته‌وه‌، ئەو رێكارە بۆ ئەوەیە رێژەی دەركردنی كارتی هەڵبژاردن بەرزبكرێتەوە، وتیشی:" كارتی بایۆمەتری لە هەولێر و هەرێمی كوردستانیش رێژەكەی بەرزنیە، لە هەولێر 56% خەڵك كارتەكەی هەیە بە گشتی لە هەرێمی كوردستان 58%ە".


جەختیشیكردەوە، كاتێك ئەو كارتە دەكرێتە بەڵگەنامەیەكی فەرمی ئەوە دەبێت وەكو بەڵگەنامەی ناسنامە و كارتی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، چونكە وەكو بەڵگەنامەیەكی فەرمی مامەڵە لەگەڵ كارتی بایۆمەتری نەكراوە، بۆیە خەڵك ئەو گرنگیەیان پێ نەدراوە".


ئاشكراشیكرد، لە نێو مووچەخۆرانی كوردستان زۆرترین كارتی بایۆمەتری لە نێو هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆدا هەیە و "زیاتر لە 98%ی كارمەندانی ناوخۆ و هێزەكانی پێشمەرگە كارتی بایۆمەتریان كردووە".


رەتیشیكرده‌وه‌، ئەو بابەتە بكرێتە بارگرانی لەسەر شانی مووچەخۆان، "ئێمە بەم كارتە مافی دەنگدان بۆ هەموو كەسێك دەستەبەر دەكەین و بارگرانی لەو بابەتە نیە، بەڵكو ئاسانكاریشە".





loading...











زۆرترین بینراوەکان