بارزانی: نابێت کەموکوڕییەکانی رابردوو بخرێنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی


نەتەوە  |   16:59:05 2019-10-23  |   (149) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مه‌سعود بارزانی، لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و لەبارەی دۆخی عێراق وتی: نابێت رێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی رابردوو بخرێنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 23/10/2019، لە سەلاحەدین مه‌سعود بارزانی پێشوازی لە جۆن ویلیکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێکران، هاوكات بەپێی راگەیه‌ندراوێکی کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی بەریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق راگەیاند.


هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی رەوشی رۆژئاوای کوردستان و هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێم خرایە بەرباس و هەردوولا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچەیە راگەیاند و بۆ ئەوەش وایان بەباش زانی ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێدەهێڵن، هەر لەناو خاکی سووریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنوور، کەمپیان بۆ دروستبکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات. 


له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عێراق زیاتر دەکات.


سەبارەت بە دۆخی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باسی رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە ''پێویستە داواکارییە رەواکانی هاووڵاتیان جێبەجێبکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێبکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتربکرێت".


بارزانی لەبارەی ئەو دۆخەی لە عێراق دروستبووە و ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی هەن جەختیکردۆته‌وه‌، "نابێت رێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی رابردوو و بخرێنە ئەستۆی حکومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان