دامه‌زراندن لە هەرێم ده‌ستپێده‌كات


نەتەوە  |   19:33:07 2019-10-10  |   (878) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وه‌زاره‌تی دارایی و حكومه‌تی "هه‌رێم" كار بۆ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی 2020ی هه‌رێم و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دامه‌زراندنی فه‌رمانبه‌ران و ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌نجومه‌نی راژه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ناردنی بودجه‌ له‌ ساڵی نوێ، رێكبكه‌وێت.
A+    A-

 

كه‌می میلاك له‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌ت و زۆری له‌ هه‌ندێكی دیكه‌یان به‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی گرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی بودجه‌ی گشتی ساڵانه‌ و قه‌یرانی داراییه‌وه‌، ماوه‌ی پێنج ساڵه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و كێشانه‌ بكات.


ماڵپه‌ڕی دواڕۆژ بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كان حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌ ساڵی داهاتوودا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌مه‌ش چه‌ند رێكارێك ده‌گرێتەبه‌ر، له‌وانه‌: وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری راسپێردراوه‌ كار له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی 2020ی هه‌رێم بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ده‌توانرێت چه‌ند پله‌ی وه‌زیفی دابمه‌زرێندرێت؟.


هه‌روه‌ها حكومه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌نجومه‌نی راژه‌، كه‌ ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ یاساكه‌ی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌ و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دروست نه‌بووه‌، داده‌مه‌زرێندرێت به‌مه‌ش كێشه‌ی كه‌می میلاكی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و پله‌ی وه‌زیفی بۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ ده‌كرێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی راژه‌ زیاده‌ی میلاك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ناهێڵێت.


به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، له‌ هه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و 400 هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌ن كه‌ ملیۆنێك و 250 هه‌زاریان بایۆمه‌ترییان كردووه‌ و له‌و رێژه‌یه‌ 700 هه‌زاریان له‌ بواری مه‌ده‌نیدان، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی "دادپه‌روه‌رانه‌" به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش نه‌كراون، بۆیه‌ كێشه‌ی كه‌می میلاك له‌ هه‌ندێك وه‌زاره‌تدا هه‌یه‌.


لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم به‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌، لیژنه‌ی ئاماده‌كاری بودجه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی داهاتوودا، هه‌رێم بودجه‌ی گشی هه‌بێت.


هاوكات ماڵپه‌ڕه‌كه‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ی 2020ی عێراق رێكبكه‌وێت، كه‌ به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێم مانگانه‌ بنێرێت، ئه‌وا له‌ ساڵی داهاتوودا ئه‌نجومه‌نی راژه‌ داده‌مه‌زرێندرێت و كێشه‌ی كه‌می و زۆری میلاك نامێنێت له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا.


یاسای ژماره‌ (7)ی ساڵی (2011)ی ئه‌نجومه‌نی گشتی راژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق له‌ شه‌ش به‌ش و 13 ماده‌ پێكدێت، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌رێم ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دانه‌مه‌زراوه‌.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان