نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.. داوایه‌ك ئاراسته‌ی ئەنجوومەنی ئاسایش ده‌كات


نەتەوە  |   17:05:14 2019-10-10  |   (110) جار خوێندراوەتەوە

loading...
سەرۆکی "هەرێم" له‌ په‌یامێكدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات رۆڵی خۆیان بۆ راگرتنی شەڕ و گێڕانەوەی ئاشتی له‌ رۆژئاوی كوردستان بگێڕن.
A+    A-

 

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه‌، شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزی و پشێوی و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانی تێکشکاندنی داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئایندەی سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکانی تیادا پارێزراو بێت.


دەقی پەیامەکە:

هەر لە سەرەتاوە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین و بە دڵگرانی و نیگەرانییەکی قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سووریا دەڕوانین بەتایبەتی کە گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەری و ئاوارەبوونی خەڵکی سڤیل و دروستبوونی ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات.

ئێمە کە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەکانی شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانی و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێکچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیری دەڕوانین کە دەرەنجامی چاوەڕواننەکراو و مەترسیداری بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵی بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین.

شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزی و پشێوی و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانی تێکشکاندنی داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئایندەی سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافی هەموو پێکهاتەکانی تیادا پارێزراو بێت و بە جددی ڕۆڵی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی و دیالۆگ و ڕێگەچارەی سیاسی بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکی سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان