هەرێم لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و خۆپیشاندانەکانی بەغداو باشوورەوە هەڵوێستی خۆی راگەیاند


نەتەوە  |   17:54:08 2019-10-09  |   (134) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا پرسی خۆپیشاندانه‌كانی عیراق و دۆخی باكووری سوریاو ئه‌گه‌ری هاتنی شه‌پۆلێكی نوێی ئاواره‌ی رۆژئاوای كوردستانی تاووتوێ كردووە و داواش دەکات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.
A+    A-


ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی 2019/10/9 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە.

 

لەوبارەیەشەوە لە راگەیەندراوێکیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی عیراقەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە پشتگیریی تەواوی داوا رەواو یاساییەکانی خۆپێشاندەران دەکەن کە بە شێوازێکی ئاشتیدانە و مەدەنیانە پێشکەشی بکەن، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا بارزانی تیشکیشی خستووەتە سەر سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ-ی وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ هەرێم.

 

لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی سوریاشەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەریی و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن، بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازیی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە.

 

لەلایەکی دیکەشەوە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم راپۆرتێکی وردی دەربارەی ئامادەکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەگەری هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو. داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردووە کە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆبگرن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی لە سوریاوە.

 

لای خۆشییەوە کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی دەربارەی پێشنیازەکانی وەزارەتەکەی بۆ پشتیوانی سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خستەڕوو.

 

ئەنجوومەنی وەزیرانیش وەزیرە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی دەستەبەری کرێکاران و پێدانی پارەی بەشدارییەکانی کرێکاران بە گوێرەی یاسای خانەنشین و دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران.

 

لەلایەلی دیکەشەوە هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەرسومی دەستبەکاربوونی بۆ ئایدن مەعروف دەرکرد وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.





loading...











زۆرترین بینراوەکان