هۆکاری دیارینەكردنی رەنگ بۆ تاكسییەكانی هەڵەبجە ئاشکرا دەکرێت


نەتەوە  |   15:58:53 2019-10-09  |   (171) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە دوای راوێژ لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم هۆکاری دیاری نەکردنی رەنگ بۆ تاکسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە رووندەکاتەوە.
A+    A-


لەوبارەیەوە عەمید حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت دوای راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە دیاریكردنی رەنگی سوور بۆ لۆگۆی تاكسییەكانی پارێزگای هەولێر و شین بۆ پارێزگای سلێمانی و رەشیش بۆ پارێزگای دهۆك، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گواستنەوەدا گفتوگۆیانكردووە سەبارەت بەوەی کە بۆچی هیچ رەنگێك بۆ تاکسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دانەنراوە؟ بەڵام وەک دەڵێت: " پێیان راگەیاندوول كە ئەو رەنگانەی دانراون بۆ پارێزگاكان جێبەجێ ناكرێن، بەڵكو لۆگۆی تایبەت بە تاكسی جێبەجێ دەكرێت كە هەموو كوردستان یەك شێواز و یەك جۆر دەبێت.

 

هەر لەو لێدوانەیدا بۆ سایتی دواڕۆژ ئاماژەشی بەوە داوە کە لەمەودوا هەموو كەسێك ناتوانێت كاری تاكسی بكات، بەڵكو ئەو كەسەی كە دەیەوێت تاكسی پێبێت، دەبێت مۆڵەتی تایبەتی پێ بدرێت بەجۆرێك دەبێت پشت بە بایۆمەتری ببەسترێت كە ئەو كەسە فەرمانبەر نییە و كاری سەرەكیی تاكسی دەبێت، پاشان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەدا هاوئاهەنگی دەكەن بۆ جێبەجێكردنی رێكارە نوێیەكانی تایبەت بە كاری تاكسی لە پارێزگاكانی هەرێمدا.

 

وتیشی: وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ كۆمپانیا و كەسانی پسپۆڕ سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لەبارەی چۆنییەتی دروستكردنی شێواز و جۆری ئەو لۆگۆیانەی كە لە داهاتوودا دەدرێت لە تاكسییەكانی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم، ئەوەش بە مەبەستی رێكخستنەوەی كاری تاكسییە لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا.

 

ئەم روونکردنەوانەش دوای ئەوەهات کە دوێنێ سێشەممە 2019/10/8 وەزارتی گواستنەوە و گەیاندن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چەند رەنگێكی دیاریكرد بۆ لۆگۆی تایبەت بە تاكسییەكانی پارێزگاكانی هەرێم و تێیدا ئاماژە بە رەنگی تاکسییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە نەدرا.





loading...











زۆرترین بینراوەکان