ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان له‌باره‌ی چاكسازی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت


نەتەوە  |   15:55:45 2019-10-08  |   (1,726) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: "جگه‌ له‌ رێكخستنه‌وه‌ی ژمێریاری داموده‌زگاكان، مووچه‌ی به‌شێك له‌ خانه‌شنی و پێشمه‌رگه‌ و ده‌رماڵه‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌رانیش ده‌بڕدرێت"، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، "دوای جێگیركردنی تێبینییه‌كان، پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی ده‌نێردرێته‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی".
A+    A-

 

رۆژی دووشه‌ممه‌، 7/10/2019، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پڕۆژەی چاكسازی و ئامادەكردنی بۆ دووباره‌ ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆن له‌باره‌ی پرسی یاسایی چاكسازی و خانه‌نشینی و ماف و ئیمتیازاته‌كان، كۆبوونه‌وه‌.


له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، محه‌مه‌د ئیلخانلی، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی دواڕۆژ رایگه‌یاندوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ جارێكی دیكه‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت جه‌ختیان له‌سه‌ر ره‌وانه‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مان كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ستكاری پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێت ئینجا بۆ په‌رله‌مان ده‌نێردرێته‌وه‌.


ناوبراو وتیشی: "باسی یه‌كخستنه‌وه‌ی مووچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كخستنه‌وه‌ی ژمێریاری هه‌ردوو یه‌كه‌ی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو ئه‌و وه‌زاره‌ت و ده‌ستانه‌ كراوه‌، كه‌ زیاتر له‌ ژمێریارێكیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ مووچه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ببڕێت كه‌ پێشتر وه‌كو ئیمتیازێك له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌ن مووچه‌ی مانگانه‌".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی كردووینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی پێش راپه‌رین پێشمه‌رگه‌ بوون، یاخود دوای راپه‌ڕین به‌ فیعلی پێشمه‌رگە بوونه‌ مووچه‌یان پێده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ نایاسایی خانه‌نشینكراون مووچه‌یان ده‌بڕدرێت".


محه‌مه‌د ئیلخانلی له‌باره‌ی بڕینی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، وتی: "به‌رپرسانی حكومه‌ت پێیان راگه‌یاندووین كه‌ ته‌نیا ده‌رماڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بڕدرێت كه‌ موماسه‌ره‌ی پیشه‌ی خۆیان له‌ وه‌زاره‌ته‌كان ناكه‌ن ئه‌وانه‌ له‌سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان له‌نێوان 15% تاوه‌كو 20%ی فه‌رمانبه‌ران پێكدێنن".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كرێت و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندارەکان به‌ پڕۆژه‌كه‌وە سه‌رجه‌م سه‌ره‌نج و تێبینییه‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ وه‌رده‌گرن و له‌ پڕۆژه‌كه‌ جێگه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌، دواتر بۆ په‌رله‌مانی ده‌نێرن به‌ مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی".


له‌ 3ی كانوونی دووه‌می 2018، حكومه‌تی هه‌رێم پڕۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌، كه‌ له‌ 24 مادده‌ پێكهاتوون ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد و دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا، ئاڕاسته‌ی شه‌ش لیژنه‌ی په‌رله‌مانی په‌یوه‌ندیدار كراو له‌ ماوه‌ی كاركردنی نزیكه‌ی دوو مانگی لیژنه‌كان راپۆرتی هاوبه‌ش ئاماده‌كراو خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردن.


له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ له‌ رێكه‌وتی 2018/2/28، كۆی یاساكه‌ په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازاری ساڵی رابوردوو یاسای چاكسازی له خانه‌نشینی و مووچه‌ی گه‌ڕانده‌وه په‌رله‌مان.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان