ئێران و ئەمریکا هۆشداریی دەدەنە هاووڵاتییەکان سەبارەت بە سەردان بۆ عیراق


نەتەوە  |   16:27:53 2019-10-03  |   (102) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دۆخی چەند رۆژی رابردووی عیراقەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق لە راگەیەنراوێکیدا داوای لە بەشێک لە کارمەندەکانی دەکات عیراق بەجێبهێڵن و ئیرانیش داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات سەردانیکردنیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ چلەی ئیمام حسێن دوابخەن.
A+    A-


لەراگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە کە ژمارەیەکی زۆر لەخۆپیشاندەران کوژراون و سەدانی دیکەش برینداربون.

 

ئاماژەش بەوە دراوە کە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە زۆربەی شوێنەکانی عیراقدا راگیراون و حکومەتی ئەو وڵاتەش قەدەغەکردنی هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێلی لە بەغدا راگەیاندووە، جگە لە هێزەکانی فریاگوزاریی خێرا و تیمەکانی گواستنەوەی فڕۆکەخانە.

 

لەو راگەیەنراوەدا، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق چوار داواکاریی ئاراستەی ستافی بەڕێوەبردنی کارەکانی لە بەغدا و هەولێر و بەسرە کردووە و تێیدا داوای لە هەموو ئەوانە کردووە کە لە پلانیاندابووە سەردانی عیراق بکەن، پێویستە سەردانەکانیان هەڵبووەشێننەوە.

 

هەروەها داواشی لە ستافەکەی کردووە خۆیان لە ناوچەکانی خۆپیشاندان بپارێزن و نزیکی ئەو ناوچانە نەبنەوە کە خۆپیشاندانیان تێدایە.

 

داواشکراوە کە پابەندبن بە رێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی عیراقەوە و چاودێریی وردی راگەیاندنەکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی دوایین زانیاریی دەربارەى گۆڕانکارییەکان.

 

لەلایەکی دیکەشەوە باڵیۆزخانەی ئێران و حکومەتی تارانیش هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانی خۆیان تا سەردانیکردنیان بۆ عیراق بۆ بەشداریی لە چلەی ئیمام حسێن دوابخەن.





loading...











زۆرترین بینراوەکان