پارێزگارێك لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە


نەتەوە  |   20:00:42 2019-09-24  |   (165) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەتۆمەتی "ساختەكردنی بەڵگەنامە"، ئەنجوومەنی پارێزگای بابل پارێزگاری لە پۆستەكەی دوورخستەوە.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ زوهێر عەباس، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل سایتی رووداوی راگەیاندوه‌، "بە تۆمەتی ساختەكردنی بەڵگەنامەكانی نیشتەجێبوون، كە یەكێكە لە مەرجەكانی خۆبەربژێركردن بۆ پۆستی پارێزگار، رۆژی سێشەممە، 24/9/2019 ئەنجوومەنی پارێزگا، (كەڕار عەبادی)، پارێزگاری بابلی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و جێگری یەكەمی پارێزگاریشی بۆ راییكردنی كارەكانی پارێزگار راسپارد".


لەکاتی بەربژێركردنی بۆ پۆستی پارێزگاری بابل، كەڕار عەبادی بەڵێننامەیەكی واژۆكردووە و، دەریدەخات دانیشتووی پارێزگای بابلە، لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان كراوە راستی شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزگار پشتڕاست بكەنەوە.


بەڵام به‌وته‌ی زوهێر عەباس، "دەركەوت عەبادی دانیشتووی بابل نییە، ئەمەش یەكێكە لە مەرجەكانی بەربژێربوون بۆ پۆستی پارێزگار، بە نەمانی ئەو مەرجەش ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بەنووسراوێكی فەرمی كاركردنی لەگەڵ پارێزگار راگرت. لێژنەی یاسایی بڕیار و راسپاردەكانی لیژنەی لەبارەی دوورخستنەوەی پارێزگار پەسندكرد و، بەپێی یاسایش راسپاردەكان پێویستیان بە دەنگدانی ئەنجوومەن نییە".


جێی باسه‌ بابل، یەکێکە لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق و پێنجەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان