ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد


نەتەوە  |   16:39:35 2019-09-11  |   (241) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ "هه‌رێم" بڕیاری‌ دا هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ پرسی بودجه‌ و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕۆژه‌ی سه‌رژمێری پێكبهێرێت.
A+    A-

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 11ی‌ ئه‌یلول ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ وێبسایتی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی فیدراڵ و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی له‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كه‌ رۆژی 8 ی ئه‌یلول له‌ هه‌ولێر به‌سترا خسته‌ڕوو.


به‌پێی ماڵپه‌ڕه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بڕیاردرا، هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆ و ئالوگۆڕكردنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ پرسی بودجه‌ و به‌شداری هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناخی سه‌ره‌تای ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی بودجه‌ی 2020 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ.


هه‌روه‌ها بڕیاریشدراوه‌، لیژنه‌كانی (دارایی، نه‌وت وگاز، یاسایی) له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بانگهێشتی هه‌رێمی كوردستان بكرێن.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 2019/9/12 شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووی داتا و زانیاریی پێویست له‌ باره‌ی گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ، له‌ بڕگه‌ی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، وه‌زیری پلاندانان راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی سه‌رژمێری له‌ عێراق پێشكه‌ش كرد كه‌ بڕیاره‌ ساڵی 2020 ئه‌نجام بدرێت.


لای خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری پلاندانان، تیشكی خسته‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ و ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان. له‌مباره‌یه‌وه‌ بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكبهێرێت بۆ هه‌لسه‌نگاندنی پڕۆژه‌ی سه‌رژمێرییه‌كه‌ به‌ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی كوردستانییان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانه‌وه‌.


له‌ كۆتاییشدا، كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆی له‌ باره‌ی میكانیزمی نوێ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی باج كرد به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پرۆژه‌ی په‌یڕه‌وی تایبه‌ت به‌ تیانووسی بازرگانی (الدفاتر التجاریه‌)ی په‌سه‌ند كرد، كه‌ میكانیزمی نوێ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی باج له‌ خۆده‌گرێت.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان