یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە


نەتەوە  |   18:02:48 2019-09-09  |   (116) جار خوێندراوەتەوە

loading...
پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی "پێکهێنانی لیستی هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم" کۆدەبنەوە، بەرپرسی لقی پارتیش لە کەرکووک دەڵێت، پاڵپشتی پێکهێنانی "لیستی کوردستانی" دەکەن.
A+    A-

 

لای خۆیه‌وه‌، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاندووه‌، "لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی (چوارشەممە، 4-9-2019) بڕیاردرا لەگەڵ رزگار عەلی، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی سەردانی لایەنەکان بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی لیستی هاوبەش لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان".


دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی، سەعدی پیرە وتیشی: شاندی یەکێتی لەبارەی هەمان پرس سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکات.


بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە سیستمی سانتلیگۆ 1.9 بەوتەی سەعدی پیرە "لە زیانی کوردە و کورد دەنگی زۆری دەفەوتێت، ئەو سیستەمە لە بەرژەوەندیی لیستە گەورەکانە، بۆیە دەبێت کورد هەوڵبدات بە یەک لیست بەشداری بکات".


 شاندی پارتی لە کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خەسۆر گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی پێکهاتوون. شاندەکەی یەکێتیش لە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و رزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن پێکهاتووە.


هەر ئەمڕۆ لە کەرکووک 11 حیزبی کوردستانی بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بکەن و ناوی لیستەکەش کرا بە "کەرکووکی کوردستانی"یە. پارتیی دیموکراتی کوردستانیش بە تەلەفۆن پشتگیری پێکهێنانی لیستەکەی کردووە.


 لای خۆشیه‌وه‌ محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک بە سایتی رووداوی راگەیاندوه‌، پارتی پاڵپشتی بڕیاری پێکهێنانی لیستی هاوبەشی کوردستانی لە کەرکووک دەکات و دڵخۆشە بەو بڕیارە.


وتیشی: پارتی پێیباشبوو ناوی هاوپەیمانێتییەکە "کوردستان"ی لەگەڵ بێت، ئەو پێشنیازەی پارتیش لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لە بارەگای حیزبی شیوعی لە کەرکووک قبوڵکرا.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان