ڕێواز فایەق: بڕیاریان داوە سەردانی هەموو حزبەكان بكەن


نەتەوە  |   16:42:33 2019-09-09  |   (203) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەمەبەستی "بەدەستهێنانی یەكدەنگی لەسەر پرسە نیشتمانیەكان و بەتایبەتی دەستوور"، سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان بڕیاریان داوە سەردانی هەموو حزبەكان بكەن و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كۆبوونەوە. 
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوه‌، بڕیاریان داوە سەردانی هەموو حزبەكان بكەن، بەمەبەستی دروستكردنی كۆدەنگییەك لەسەر هەندێك بابەتی گرنگ، بەتایبەت بابەتی دەستوور.


ئاماژەی بەوه‌شكردوه‌، پێویستە ناكۆكییەكان وەلا بنێین، بۆئەوەی تیمێكی هاوبەشی نیشتمانی دروست بكەین، بەمەبەستی نووسینەوەی دەستور، هەروەها پشتیوانیكردنی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.


لای خۆشیه‌وه‌ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەن و دەیانەوێت لەگەڵ فڕاكسیۆنەكاندا پەڕلەمانێكی بەهێزیان هەبێت و چارەسەری كێشەكان بەگشتی بكەن.


وتیشی: سەردانی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەمینداری یەكگرتوو و ئەمیری كۆمەڵ و حزبەكانی دیكەش دەكەن.


ئەمە لەكاتێكدایە، سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان لە ماوەی ڕابردووشدا سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد و بەپێی زانیارییەكانیش دەیانەوێت كۆدەنگی لەسەر چەند پرسێكی چارەنووسسازی وەك دەستور و پرسی ناوچە جێناكۆكەكان و یاسای بودجە دروست بكەن.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان