رونكردنه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه‌وه‌


نەتەوە  |   15:34:00 2019-09-09  |   (310) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی میدیا عه‌ره‌بی و لۆكاڵییه‌كانی دایه‌وه‌، كه‌ له‌ چه‌ند راپۆرتێكدا باسیان له‌ "بوونی پێنج هه‌زار ده‌ستگیركراوی كه‌ركوك" كردووه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی-دا.
A+    A-

 

له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، به‌مدواییانه‌ هه‌ندێك له‌ میدیا عه‌ره‌بی و لۆكاڵییه‌كان له‌ چه‌ند راپۆرتێكدا، كه‌ هیچ وردبینی و پیشه‌یی تیادا ره‌چاو نه‌كراوه‌، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه‌ پێنج هه‌زار ده‌ستگیركراوی كه‌ركوك له‌ گرتووخانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی-دا به‌ندكراون.


ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، ئه‌و میدیایانه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری و ژماره‌ی چه‌واشه‌كاری و نادروستیان بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پشتیان به‌ لێدوان و قسه‌ی دوور له‌ راستی و نابه‌رپرسانه‌ی كه‌سانێك به‌ستوه‌، كه‌ به‌رده‌وام بێده‌نگ بوون له‌ بارودۆخه‌ سه‌خته‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ی ناوچه‌كه‌ خه‌ریك بوو بكه‌وێته‌ بنده‌ستی دڕنده‌ترین دوژمن له‌ مێژووی نوێی مرۆڤایه‌تییدا كه‌ (داعش) بوو، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش نه‌بوایه‌.


جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، زانیارییه‌كانی نێو ئه‌و راپۆرتانه‌ بێ بنه‌مان و ناوه‌ ناوه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشی له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كردوه‌ به‌ ته‌واوی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ ورد بن، كه‌ پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێك ئاماده‌كراون بۆئه‌وه‌ی ناوبانگی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن.


له‌به‌شێكی تری رونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا هاتووه‌، بانگه‌شه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی دانیشتووانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ گرتوخانه‌كانی هه‌رێم دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ده‌رگای گرتوخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵیدا كراوه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.


ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ تۆمه‌ته‌ بێبنه‌مایانه‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌، پشت به‌ بانگه‌شه‌ی كه‌سانی وه‌كو راكان جبوری ده‌به‌ستن، كه‌ ته‌واوی رێكاره‌كانی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسا و نه‌ریته‌كانه‌ له‌ ته‌عریب و ده‌ربه‌ده‌ركردن، داگیركردنی زه‌وی و زار و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و ماڵی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك".


له‌ كۆتایی رونكردنه‌وه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڵێت: "بۆ هه‌موو لایه‌ك دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ لێدوانه‌ نه‌رێنییانه‌، ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خودی ئه‌وانه‌ هه‌یه‌، كه‌ بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئیراده‌ی ئێمه‌ نابێت، به‌ڵكو پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌هێزتر ده‌كات، هه‌ر وه‌كو به‌ڵێنماندابوو، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ پێگه‌یه‌كی ئارام بۆ هه‌موو چه‌وساوه‌كان به‌بێ جیاوازی".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان