رێککەوتنێكی نهێنی لەنێوان عێراق و تورکیا ئاشكرا ده‌كرێت


نەتەوە  |   15:34:12 2019-08-31  |   (226) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایده‌كات، حکومەتی عێراق رژدی نییە بۆ گوشار خستنە سەر تورکیا و پێیوایە جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە بۆ چاوپۆشی لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سنوورەکانی هەرێم.
A+    A-

 

هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوه‌، "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی کوردستان، پێشێلکردنی تەواوی سیادەی عێراقە و هەرێمی کوردستانە".
وتیشی: "هەرێمی کوردستان کارتی گوشاری زۆری بە دەستەوەیە بۆئەوەی رێگری لەو پێشێلکارییانە بکات، بەلایەنی کەمەوە دەتوانێت هەڵوێستی هەبێت".


هەرێم کەمال ئاغا له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی رووداو باسی له‌وه‌شكرد، "بە داخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت، یان بە شەرمنانەوە تاوەکو ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی نەبووە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە خاکی کوردستان دەکرێت".


لەبارەی هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق وتی: "دوای سەردانی شاندێکی باڵای سەربازی بۆ تورکیا، دەنگی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق وەکو جاران نەماوە و بێدەنگیەک لە عێراق هەیە، حکومەتی عێراق رژدی نییە بۆ گوشار خستنە سەر تورکیا، پێموایە رێککەوتنێکی نهێنی لەنێوان عێراق و تورکیادا هەیە بۆ بەکارهێنانی سنوور، هەربۆیەش حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییە بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ عێراق".

بۆئەوەی عێراق رژدی بێت لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنانەی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەیکات، هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، دەبێ هەرێمی کوردستان هەڵوێستی تووندتری هەبێت "پێموایە بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکردووە تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی بەهێزتر بکات".


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌پێویستیشی دەزانێت "هێزەکانی پەکەکە موراعاتی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی ئێمەش لە بەغدا قسەمان هەبێت و ناوچەکە نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان پەکەکەو تورکیا".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان