واده‌ی پێدانی كاره‌بای 24 كاتژمێری راگه‌یه‌نرا


نەتەوە  |   20:04:55 2019-08-23  |   (187) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وه‌زاره‌تی كاره‌با هێڵه‌ گشتییه‌كانی پلانی چوار ساڵی داهاتوو پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات، وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت: پلانه‌كه‌ چوار ته‌وه‌ری له‌خۆگرتووه‌، به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پلانه‌، ده‌توانین كاره‌بای 24 سه‌عاتی بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ین.
A+    A-

 

ئومێد ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندوه‌، له‌كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با، هێڵه‌ گشتییه‌كانی پلانه‌كه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌.


ناوبراو وتیشی: "لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ سه‌ردانی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و له‌نێویشیاندا وه‌زاره‌تی كاره‌بای كردووه‌و روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر هێڵه‌ گشتییه‌كان دراوه‌"، ئاشكراشیكرد، هێڵه‌ گشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ چوار ساڵی داهاتوو، چوار ته‌وه‌ری له‌خۆگرتووه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن:


ته‌وه‌ری یه‌كه‌م: ته‌واوكردنی به‌رهه‌مهێنان له‌ڕێگه‌ی غازی سروشتییه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان.


ته‌وه‌ری دووه‌م: رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری وزه‌و ئاشكراكردنی بنه‌بڕكردنی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر سیستم و تۆڕی كاره‌با، رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری كڕین و فرۆشتنی وزه‌و كۆكردنه‌وه‌ی داهات له‌ڕێگه‌ی پێوه‌ری زیره‌كه‌وه‌.


ته‌وه‌ری سێیه‌م: جێبه‌جێكردنی پرۆژی سكادا (به‌كۆمپویته‌ر رایزكردنی به‌ڕێوه‌بردن و ئیشپێكردنی سیستمی كاره‌با).


ته‌وه‌ری چواره‌م: ته‌واوكردنی تۆڕه‌ی كاره‌با، كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌وێستگه‌كانی 132 كه‌ی ڤی، 33 كه‌ی ڤی، 11 كه‌ی ڤی بۆ خواره‌وه‌، ته‌واوكردنی وێستگه‌ی 400 كه‌ی ڤی بۆ یه‌كه‌مجار له‌كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ش سیستمه‌كه‌ به‌هێز ده‌كات و توانای گواستنه‌وه‌ زیاد ده‌كات و توانای به‌فیڕۆچوونی وه‌زه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌و جۆرێك له‌دڵنیایی و جێگری بۆ سیستمه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌كه‌ ده‌كات.


وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی رونیشیكرده‌وه‌، به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستماندا ده‌بێت و به‌ته‌واوكردنی ئه‌و پلانه‌، ده‌گه‌ینه‌ كه‌ناری ئارام و ئه‌وكاته‌ ده‌توانین كاره‌بای 24 سه‌عاتی بۆ هاووڵاتیان فه‌راهه‌م بكه‌ین و چیتر پێویستیمان به‌سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ بۆ پێدانی كاره‌با نابێت.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان