وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا چه‌ند بڕیارێکی نوێی ده‌ركرد 


نەتەوە  |   19:54:44 2019-08-21  |   (163) جار خوێندراوەتەوە

loading...
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستیت چەند بڕیارێکى نوێ دەردەکات، یەکێک لەوانەش ئەوەیە کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا کە مەرجى توانستى زمانیان بەدەستنەهێناوە، رێگەیان پێدەدرێت دەست بە کۆرسى ئەکادیمى بکەن و لە هەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسى زمان.
A+    A-

 

 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی گرنگ و تایبەت بە کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی دەرچووه‌ و گفتوگۆش لەبارەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کراوه‌، هه‌روه‌ها لەکۆی بڕیارەکانیش جەخت لە  کواڵێتی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکان کرایەوە.

دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کە بە ئامادەبونی سەرجەم سەرۆک زانکۆکان بەڕێوەچو، چەند بڕیارێکی گرنگ و تایبەت بە کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی دەرچوو و، گفتوگۆش لەبارەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا کرا، لەکۆی بڕیارەکانیشدا جەخت لە  کواڵێتی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانستی زانکۆکان کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی (٢١/٨/٢٠١٩) ئەنجومەنی وەزارەت کۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٩ی بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت و ئامادەبونی سەرجەم سەرۆک زانکۆکان ئەنجامدا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، بەمەبەستی خستنەرووی دواین قۆناخەکانی ئامادەکردنی کارنامەی چوار ساڵی کارکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. ئارام محمد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەت بۆ سەرۆک زانکۆکان دوپاتیکردەوە ئەو پڕۆژانەی گرنگ و پێویست و ستراتیژین بۆ زانکۆکانتان بیکەن بە ئەولەویات، بۆ ئەمەش وتی: پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکان لەڕوی کواڵێتی و فەراھەمکردنی ڕەھەندی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و گەشەکردنی توێژینەوەی زانستی و گرنگیدان بە زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداچونەوە بە کواڵێتی زانستیان و،  ڕیفۆرمی کارگێڕی و دارایی بکەن بە خاڵی سەرەکی بەرنامەی کار.

ھەر لەو چواچێوەیەدا، د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرۆکی لێژنەی ئامادەکردنی کارنامەی وەزارەت، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە کۆبونەوەی لێژنەکەیان لەگەڵ سەرۆک و نوێنەری زانکۆکان و شارەزایان و ئەکادیمیستان و مامۆستایانی زانکۆ کرد، کە بەمەبەستی ئامادەکردن و دەوڵەمەندکردنی کارنامەی چوار ساڵی کارکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەماوەی ڕابردوو ھەوڵی زۆریان داوە. بۆ ئەمەش بڕیاردرا ئەو فۆڕمانەی لەلایەن فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچون ئامادەکراوە و بۆ زانکۆکان نێردراوە، پێویستە لەسەرەتای ھەفتەی داھاتو بۆ لێژنە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی پوخت بکرێتەوە بۆ پێشکەش کردن.

بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزارەت:

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت چەند ڕاسپاردەیەکی تر گفتوگۆیان لەبارەوە کراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا لەوانە:

کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا، کە تا ئێستا ماونەتەوە و، مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەھێناوە، ڕێگەیان پێدەدرێت دەست بکەن بە کۆرسی ئەکادیمی، لە ھەمان کاتدا بەردەوام بن لە کۆرسەکانی زمان لە سەرجەم سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانی ھەرێم بەھەمان ستانداردەکانی پێشوو، کە لە ڕێنماییەکاندا ھاتوە، بەمەرجێک تاقیکردنەوەی کۆتایی بە شێوەیەکی مەرکەزی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایی نوێی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵی ئەکادیمی (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەردەچێت.

سەبارەت بە و کاندیدانەی کە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیکردنەوەی ئیمیدیست، لە دوای ڕێکەوتی (٢٥/٨/٢٠١٩) پاڵپشت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەگەڕێنەوە سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانی ھەرێم.

سەبارەت بە داواکارانی نازناوی زانستی، سێنتەرەکانی زمان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکردنی پێشنیاز و چارەسەری تایبەت بە پرسی زمانی ئینگلیزی بەھۆی ئەوەی داواکارانی نازناوی زانستی کەیسی جیایان تێدایە کە پێویستیان بە دیراسەیە.

لە داھاتوودا ستراتیژیەتی وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەکانی زمان ڕادەسپێردرێن ڕێنمایی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی دابڕێژن بۆ ئەوەی لەمەودوا ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش دەبێـە ھۆکارێک بۆ پێشخستن و ئەکتیڤکردنی سەرجەم سێنتەرەکانی زمان.

 لەم خاڵانەی سەرەوەدا ڕەچاوی ئەوە دەکرێت، کە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنی کواڵێتی زمانی ئینگلیزی.

سەبارەت بە داواکاری خوێندکاران/قوتابیانی دکتۆرا، ئەوانەی کە سەرجەم مەرجەکانی بەدەستھێنانی بڕوانامەیان تێدایە، تەنھا مەرجی  توانستی زمانی ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆی تێزی دکتۆراکەی بکات، بەڵام بڕوانامەی پێ نابەخشرێت، تاکو بەدەستھێنانی مەرجی زمان.

لەبارەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان: ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای خوێندنی باڵا، کە لێژنەکە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆکایەتی دەکرێت و ھەریەک لە یاریدەدەری سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەی ئامادەکردنی ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا دەکرێت، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزارەت دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندکاران/ قوتابیانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بە پلانەکان بکرێت و ھەفتەی داھاتو بگەڕێندرێتەوە بۆ وەزارەت تاکو پەسەند بکرێت.

بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی کۆنمرەی بەکالۆریۆسیان لە %٦٠ کەمترە، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا دوای بە دەستھێنانی بڕوانامەی ماستەر و بەدەستھێنانی سەرجەم مەرجەکانی نازناوی زانستی و بڵاوکردنەوەی دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێک پێنج ساڵ خزمەت بکەن لە زانکۆکانی دەرەوەی شارە گەورەکان، جگە لە زانکۆکانی (سەڵاحەدین – سلێمانی - دھۆک). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێک ئاراستەی زانکۆکان دەکرێت.

لەسەر داوای خۆیان و، لەچوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە ناساندنی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی وەک زانکۆیەکی قازانج نەویست.

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ھەریەک لە سەرۆک زانکۆکان ڕاو پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵەکانی تری کۆبونەوەکە خستەڕوو کە پەیوەست بون بە پرس و بابەتەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی..
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان