ھەلی كار بۆ ٦ ھەزار دەرچوو و دانەمەزراو دەڕەخسێندرێت..


نەتەوە  |   19:42:14 2019-08-20  |   (177) جار خوێندراوەتەوە

loading...
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌باره‌ی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیارەكه‌ دروسته‌ و ھەلی كار بۆ نزیكەی ٦ ھەزار دەرچووی زانكۆكان دەڕەخسێنێت.
A+    A-


پێشتر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، بە جێبەجێكردنی بڕیارێكی وەزارەتەكەیان بۆ قەدەغەكردنی دەوامكردنی مامۆستا و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەكانی منداڵانی ناحكوومی، ھەلی كار بۆ زیاتر لە شەش ھەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان دەڕەخسێندرێت.

له‌وباره‌شه‌وه‌ ئەحمەد سابیر، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاندوه‌، وەك یەكێتیی مامۆستان پشتگیری لەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردە دەكەین، لە ساڵانی رابردوودا رەوشی ئابووریی ھاووڵاتیان خراپ بوو، ئەمەش بە ھۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن بەغدا و ئەو ئابڵووقەیەی خرابووە سەر ھەرێمی كوردستان، كە وایان كرد مامۆستایان بڕۆنە قوتابخانە ئەھلییەكان وانە بڵێنەوە.

ناوبراو پێی وایە، دوای نەمانی پاشەكەوتی مووچە، پێویست ناكات مامۆستا لە قوتابخانە ئەھلییەكان دەوام بكات، لە لایەكی تریشەوە دەڵێت، ھەلی كار دەڕەخسێنێت بۆ نزیكەی ٦ ھەزار گەنج، كە ئەوانەی دەرچووی زانكۆن و دانەمەزراون، ئەمەش بە ھەنگاوێكی باش ده‌زانێت. لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ھەشت ھەزار مامۆستا لە قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەكانی منداڵانی ناحكوومی وانە دەڵێنەوە و بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەش تەنیا ھەزار و ٦٠٠ مامۆستا دەتوانن لە كەرتی ناحكوومی وانە بڵێنەوە.

پەیوەست بە بابەتی ئەزموونی ئەو دەرچووانەش، ئەحمەد سابیر ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بۆ ئەو حاڵەتەش وەزارەتی پەروەردە ھەنگاوێكی داناوە بۆ قوتابخانە ئەھلییەكان، كە رێگەی داوە لە سەدا ٢٠ی مامۆستایە حكوومییەكان بەكار بێنین بۆ وانەگوتنەوە، یاخود دابمەزرێن. ناوبراو داوا دەكات قوتابخانە ئەھلییەكان ئەو قوتابییە دەرچووانە دروست بكەن، نەك تەنھا مامۆستا بەئەزموونەكانی حكوومی ببەن.





loading...











زۆرترین بینراوەکان