له‌سه‌ر دابه‌شكردنی جگه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت


نەتەوە  |   14:15:54 2019-08-19  |   (178) جار خوێندراوەتەوە

loading...
به‌وته‌ی په‌رله‌مانتارێك وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌دا جگه‌ره‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكات، به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی خۆراكی سلێمانیش روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لی بدیری، په‌رله‌مانتاری ره‌وتی حیكمه‌، رایگه‌یاندوه‌، "وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق ده‌یه‌وێت جگه‌ره‌ی ناوخۆیی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغبكاته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی فۆڕمی خۆراك و له‌گه‌ڵ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌دا بۆ هه‌ره‌ گڵۆزێك (ته‌كه‌یه‌ك) جگه‌ره‌ بڕی دوو هه‌زار و 500 دینار له‌ هاوڵاتیان وه‌ربگیرێت، ئه‌وه‌ش داهێنانێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه".


به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "پێویسته‌ حكومه‌ت كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ماست و شیر و هێلكه‌ و خورما و خۆراكی دیكه‌ی سوودبه‌خشی ناوخۆیی بۆ سه‌ر خوانی هاووڵاتیان زیاد بكات، نه‌ك جگه‌ره‌ و ژه‌هریان به‌سه‌ردا دابه‌ش بكات".


لای خۆشیه‌وه‌، شه‌وكه‌ت محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی خۆراكی سلێمانی له‌ لێدوانێكدا به‌سایتی وێستگه‌ی راگه‌یاندوه‌: ئه‌و بابه‌ته‌ی باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ جگه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، ته‌نیا له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ بیستوویانه‌ و هیچ شتێكیان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراقه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بۆ نه‌هاتووه‌.


وتیشی: دابه‌شكردنی به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ی هاوڵاتییان به‌رده‌وامه‌و ئێستا خۆراكی مانگی ته‌مموز دابه‌ش ده‌كه‌ن، هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "هه‌ر خۆراكێكمان به‌ ده‌ست بگات دوای پشكنین به‌سه‌ر هاوڵاتییاندا دابه‌شی ده‌كه‌ین".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان