عەرەب و تورکمانی کەرکوک له‌سه‌ر بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ماددەی 140 هاتنه‌ده‌نگ


نەتەوە  |   19:24:05 2019-07-31  |   (122) جار خوێندراوەتەوە

loading...
عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی ماددەی 140ی دەستوور رەتدەکەنەوە، کە تایبەتە بە چارەسەری ناوچە کێشەلەسەرەکان.
A+    A-


 رۆژی سێشەممە  دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ماددەی 140ـی دەستوور کارایە تاوەکو ئەوکاتەی پێویستییەکانی و ئامانجی دەرکردنی بەدیدەهێندرێت بەپێی ئەو هەنگاوانەی کە لە ماددەی 58ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقی لە قۆناخی راگوزەر دیاریکراون. 


له‌وباره‌شه‌وه‌ بەرەی تورکمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایده‌گه‌یه‌نێت "لەگەڵ ئەوەی ماوەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 تاوەکو 31/12/2007 بووە، سەرمان سوڕماوە دادگای فیدراڵی رایگەیاند تاوەکو ئێستا ماددەکە دەستووری و کارپێکراوە لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی 14 ساڵدا دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەی بەردەوام بۆ بابەتی کەرکووک شکستیهێناوە".


جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، بابەتی کەرکووک کلیلی یەکێتیی عێراقە و بە میکانیزمە دانراوەکانی ماددەی 140 چارەسەر ناکرێت، بەڵکو چارەسەری سەرەکی تەوافوقی نێوان پێکهاتەکانە. 


له‌به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "پارتە کوردییەکانیش ئەوەیان تاقیکردەوە لەماوەی ساڵانی 2003-2017 لە سەپاندنی دیفاکتۆ، باڵادەستی و گۆڕینی دیموگرافیا و هەڵکردنی ئاڵا و ئەنجامدانی گشتپرسی".


دووپاتیدەکاتەوە، ماددەی 140 دان بە دەستووریبوونی یاخود نادەستووریبوونی بنرێت، پرسی کەرکووک چارەسەرناکات، بەڵکو چارەسەرەکە بە تەوافوق دەبێت کە جێگەی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بێت و ئەوەش کلیلی چارەسەرەکانە.


هه‌روه‌ها بەرەی یەکگرتووی عەرەبی لە کەرکووک لە بەیاننامەیەکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "ماددەی 140  ماددەیەکی دەستووری مردووە، بەهۆی ئەوەی دەستوور حکومەت و پەرلەمانی پابەندکردووە تاوەکو 31/12/2007 کار بەو ماددەیە بکەن". 
بەرەی یەکگرتووی عەرەبی، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات بەبێ بەرامبەر نەوتی کەرکووکی رادەستی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها خراپی دۆخی کەرکووکیش دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەندی بەهۆی کەڵەکەبوونی بابەتەکان، ئەوەش بەهۆی "لاوازی هەڵوێستی حکومەت" لە بەرامبەر گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش پلانی سەپاندنی یاسا. 





loading...











زۆرترین بینراوەکان