له‌ فێستیڤاڵێكی جیهانی دوو وه‌رزشوانی كورد میدالیای زێڕ و زیویان برده‌وه‌


نەتەوە  |   15:13:15 2019-07-30  |   (159) جار خوێندراوەتەوە

loading...
یاریزان و راهێنه‌ری ناوداری هه‌رێم "هێمن مه‌هدی" له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له‌ فێستیڤاڵی تایكواندۆی جیهان له‌ كۆریای باشوور، توانی میدالیای زێڕ بباته‌وه‌ و وه‌رزشوانێكی دیكه‌ی كوردیش میدالیای زیوی برده‌وه‌.
A+    A-

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ هێمن مه‌هدی رایگه‌یاندوه‌، له‌ شاری پیۆنگ چانگ له‌ كۆریای باشوور به‌شداریمان له‌ فێستیڤاڵی تایكواندۆی جیهان كرد و من سه‌رۆكی شاندی عێراقم، كه‌ له‌ 9 وه‌رزشوان پێكهاتووین، وتیشی: "5 وه‌رزشوان له‌ به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ و 4 وه‌رزشوانیش له‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌ندامیه‌تیی شانده‌كه‌مان كرد".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌ ركابه‌ریی شكاندنی كاشی، توانیم میدالیای زێڕ به‌ده‌ستبهێنم، دوای ئه‌وه‌ی 12 كاشیم شكاند، توانیشم به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانم سه‌ركه‌وم، كه‌ ئێرانی، ئه‌مریكی و چینی بوون".


وتیشی: جارێكی دیكه‌ ریكۆرده‌كه‌م به‌ ناوی خۆمه‌وه‌ تۆماركرده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مجاره‌ 13 كاشیم دانابوو، به‌ڵام هه‌ر 12 كاشیم شكانده‌وه‌"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێمن مه‌هدی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش له‌ هه‌مان فێستیڤال و له‌ هه‌مان پێشبڕكێدا توانیبووی میدالیای زێڕ بباته‌وه‌ و 12 كاشی بشكێنێت.


هاوكات له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ئارام ئه‌حمه‌د، یاریزانی كوردستان و شاری سلێمانی میدالیای زیووی برده‌وه‌، هه‌روه‌ها دڵشاد ئه‌حمه‌د، كه‌ وه‌رزشوانی شاری دهۆكه‌، له‌ یاریی كۆتاییدا دووچاری شكست بوو.


وه‌رزشوانانی كوردستان له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن و ئاڵاكه‌یان به‌رزكرده‌وه‌.

 


 





loading...











زۆرترین بینراوەکان