ئه‌وروپا سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت


نەتەوە  |   11:14:59 2019-07-16  |   (171) جار خوێندراوەتەوە

loading...
یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا زنجیره‌یه‌ك سزای‌ سیاسی‌ و دارایی‌ به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند به‌هۆی‌ "به‌رده‌وامبونی‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ له‌ سنوری‌ ئاوه‌ هه‌رێمییه‌كانی‌ قوبرس".
A+    A-

 

فێدریكا مۆگرینی‌ به‌رپرسی‌ سیاسیه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا پێشتر له‌ په‌راوێزی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتییه‌كه‌ كه‌ له‌ برۆكسل به‌ڕێوه‌چو، رایگه‌یاند كه‌ چه‌ند رێوشوێنێك له‌دژی‌ توركیا گیراونه‌ته‌به‌ر و له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند سه‌عاتی‌ كه‌می‌ داهاتودا راده‌گه‌یه‌نرێن.

 

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌وروپی‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، گه‌وره‌ترین سزای‌ توركیا بریتییه‌ له‌ بڕینی‌ (145.8) ملیۆن دۆلاری‌ پاره‌ی‌ سندوقی‌ ئه‌وروپی‌ كه‌ ده‌بو له‌ ساڵی‌ (2020)دا بدرێت به‌ توركیا، هاوكات داوا له‌ بانكی‌ ئه‌وروپی‌ بۆ وه‌به‌رهێنان كراوه‌ به‌ مه‌رجه‌كانی‌ پاره‌داركردنی‌ توركیادا بچێته‌وه‌.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا بڕیاری‌ داوه‌ گفتوگۆكانی‌ له‌ ئاستێكی‌ به‌رزدا له‌گه‌ڵ توركیا كه‌م بكاته‌وه‌ به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆكانی‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ بوه‌ستێنێت. 

 

له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردو یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ به‌سه‌ر توركیا كرد ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌نقه‌ره‌ ره‌تی‌ بكاته‌وه‌ پڕۆسه‌ی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت به‌ شێوه‌ی‌ نایاسایی‌ رابگرێت.

 

كۆماری‌ قوبرس یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خۆی‌ ته‌نها له‌ به‌شی‌ باشوری‌ دورگه‌ی‌ قوبرس پیاده‌ ده‌كات و به‌شی‌ باكوری‌ ئه‌و دورگه‌یه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی‌ هێزه‌كانی‌ توركیادایه‌ كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ دورگه‌كه‌یه‌ و ناونراوه‌ (كۆماری‌ باكوری‌ قوبرسی‌ توركی‌)و له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا دانی‌ پێدا نه‌نراوه‌.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان