هۆشیار عەبدوڵا وەڵامی هەڤاڵ ئەبوبەكر دەداتەوە


نەتەوە  |   19:48:12 2019-07-15  |   (110) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، سلێمانی ئەو شارەیە، كە زۆر دەمێكە بە هۆی ناكارایی و بێ جورئەتی بەرپرسەكانیەوە غەدرێكی گەورەی سیاسی و ئیداری پلان بۆدارێژراوی دەرحەق ئەنجامدەدرێت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ئەو زمانەی پارێزگاری سلێمانی بەكاری دەهێنێت چی جیاوازە لە زمانی ئەو حزبیانەی تەنها لەبەرئەوەی دەستمان بۆ مەلەفی نەوت برد تەخوینیان كردین".
A+    A-

 

 

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا، لەسەر وتەكانی پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندوه‌، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیدا هەڤاڵ ئەبوبەكر دژی هەموو ئەو پەڕلەمانتارانە قسەی كرد، كە داوای ئەوە دەكەن حكومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا بكات، بێ ئاگا لەوەی ئەوە بڕگەیەكی یاسای بودجەی ۲٠۱۹ یە و ئەوانەی ئەو داوایە دەكەن داوا دەكەن یاسا جێبەجێ بكرێت، جا ئەو زمانە چی جیاوازە لە زمانی ئەو حزبیانەی تەنها لەبەرئەوەی دەستمان بۆ مەلەفی نەوت برد تەخوینیان كردین.


دەشڵێت: "ئیدارەدانی سوتەمەنی و چۆنێتی دابەشكردنی سوتەمەنی لە تێكڕای پارێزگاكان ئێستاش و ڕابردووش پڕە لە كەموكوڕی و گەندەڵی ئەوەش بەسەر جادەكانەوە، بە ڕیزی بەرمیل و كڕین و فرۆشی كۆبۆن و زۆر وردەكاری دیكەوە دیارە و پێویست ناكا كەس لەو ڕوەوە پاكانە بكات".‬


دەقی ڕوونكردنەوەكە:

‫سەبارەت بە مەلەفی سوتەمەنی و شتیتریش‬
‫ڕوونكردنەوەیەك دەربارەی تێگەیشتنەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی‬
‫چەند رۆژی رابردوو ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەییدا ، كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر دژی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە قسەیكرد كە داوای ئەوە دەكەن حكومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا بكا، بێ ئاگا لەوەی ئەوە بڕگەیەكی یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ یە و ئەوانەی ئەو داوایە دەكەن داوا دەكەن یاسا جێبەجێبكرێ، ئایا كاك هەڤاڵ دژی جێبەجێكردنی یاسایە؟! جا ئەو زمانە چی جیاوازە لە زمانی ئەو حزبیانەی تەنها لەبەر ئەوەی دەستمان بۆ مەلەفی نەوت برد ، تەخوینیان كردین ؟! ‬

‫ئێستاش نازانم بە چ لۆژێكیك وە بۆچی كاك هەڤاڵ لە قسەكانیدا مەسەلەی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی بەستەوە بەكێشەی نەوتی سپی و سوتەمەنی و پشكی پارێزگاكان ، لە كاتێكا ئەو باشدەزانێ و بە شایەتی زۆر لا ئێمە هەوڵی ئەوەمانداوە نوسرا و هەوڵەكانی پارێزگاری سلێمانی لە وەزارەتی نەوت لە بەغداد كێشەیان بۆ دروست نەبێت و بە زویی رایی ببن وە بەردەوامی داكۆكیمان لە پشكی پارێزگاكانی هەرێم كردوە، هیوادارام ئەوە شەڕی بە وەكالەت نەبێت!

‫راستیەكەی ئیدارەدانی سوتەمەنیی و چۆنێتی دابەشكردنی سوتەمەنی لە تێكڕای پارێزگاكان ئێستاش و رابردوش پڕە لە كەموكوڕی و گەندەڵی ئەوەش بەسەر جادەكانەوە ، بە ریزی بەرمیل و كڕین و فرۆشی كۆبۆن و زۆر وردەكاری ترەوە دیارە و پێویست ناكا كەس لەو روەوە پاكانە بكا.‬

‫دەبو كاك هەڤاڵیش وەك ئێمە خەم و پرسیاری ئەوەی هەبوایە كە یاسایی موازەنەی ۲٠۱۹ بۆ جێبەجێناكرێ ؟ لەبەر هیچ نا لەبەر ئەوەی كیشە بۆ پارێزگاكەی و كارەكانی دروست نەبێت ، ئاخر ئەوە هەرگیز كێشەیەكی ئاسایی نیوان هەولێر و بەغداد نیە بەڵكو ئەوە كارەساتێكی گەورەیە لە رابردودا فەرمانبەرانی هەرێم موچەیان بەو هۆیەوە بڕاوە ، ئەوانەی داوا دەكەن هەرێم پابەند بێت بە یاسای موازەنەوە خەمی ئەوەیان هەیە جارێكی تر موچە نەبردرێ و دەیانەوێ هیچ پاساوێك نەدرێتە بەغداد ، بەڵام با كاك هەڤاڵ وەڵامبداتەوە ئەوانەی داكۆكی لەوە دەكەن كە هەرێم پابەند نەبێت و ئەو بڕە نەوتە نەداتە بەغداد داكۆكی لە كێ دەكەن؟ بۆ ئەو دیفاعە دەكەن ؟ كێ لەو داكۆكیە سودمەندە خەڵك یا مافیاكانی نەوت ؟! ‬

‫خۆ ئەگەر كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر تاكە یەك دۆكۆمێنت یا نوسراو یا تەنانەت لێدوانی میدیایی لایە وەك بەڵگە كە پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای ئەوەی لە حكومەتی عێراق كردبێت پشكی نەوتی سپی یا سوتەمەنی پارێزگاكانی هەرێم ببردرێت ئەوە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی و دەڵێم حەق لای تۆیە، بەڵام دەبێت بەڵگەكەی بخاتە ڕو ، خۆ ئەگەر بەڵگەی نیە حەق وایە داوای لێبوردن بكا.‬

‫سلێمانی شارێكی گەورەیە نەك بەمانا جوگرافیەكەی بەڵكو بەمانا مەعنەوی و سیاسیی و میژوییەكەی ، پارێزگاربون بۆ شارێكی وەك سلێمانی كە بۆ هەموان شانازی و شكۆی نیشتیمانپەروەیە پێویستی بە زمانێكی دەقیقتر و وردتتر و راقیتر هەیە لەو زمانەی بەداخەوە ماوەی رابردو كاك هەڤاڵ ئەبوبەكری بەرێز لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا قسەیپێكرد.‬

‫دڵنیام كاك هەڤاڵ جارێكی تر خۆشی گوێ لە قسەكانی بگرێتەوە دەزانێ هەم دو مەلەفی جیای زۆر خراپ تێكەڵ كردوە هەم بە زمانێكی گشتگیر تەڕ و وشكی پێكەوە سوتاندوە.‬

‫دوا سەرنجم ئەوەیە لە نێوانی ئێمەدا ، چ وەك نوێنەر چ وەك ئەوانەی لە بواری دەسەڵاتی جێبەجێكردن كار دەكەن ناكۆكی ، لێكتێنەگەیشتن، بیرورا جیایی ، ململانێ و گرفت دروست دەبێت و ئەوە ئاساییە ، ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە بە زمانێكی نا شایستە و برینداركەر و روشێنەر روەو یەكبدوێین ، زمان و دەربرینەكان دەبێ بگەنە باڵای ئەو بەرپرسیارێتیەی كە خراوەتە سەرشانی هەردولا.‬

‫بە هیوای ئاوەدانیی و لالێكردنەوە و خزمەتكردن و پێشكەشكردنی هەمو خزمەتێكی شایستە بە شاری سلێمانی، سلێمانی ئەو شارەی كە زۆر دەمێكە بە هۆی ناكارایی و بێ جورئەتی بەرپرسەكانیەوە غەدرێكی گەورەی سیاسیی و ئیداری پلانبۆدارێژراوی دەرحەق ئەنجامدەدرێت و كەمیشن زۆر كەم ئەوانەی لانیكەم جورئەتی گوتن و دیاریكردنی ئەو غەدرەیان هەیە و بەدەنگی بەرز هاواری بۆ دەكەن.

‫هۆشیار عەبدوڵا‬
‫ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران‬
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان