نێچیرڤان بارزانی په‌یامێك ئاراسته‌ی مەسروور بارزانی دەکات 


نەتەوە  |   14:56:27 2019-07-10  |   (129) جار خوێندراوەتەوە

loading...
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات.
A+    A-

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/7/2019 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێم کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە و رایگه‌یاندووه‌، "گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاریی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكەم".


له‌ به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووه‌، "ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاریه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناخی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین".


ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی تازەی هه‌رێم متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت. 

دەقی پیرۆزباییەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ مەسروور بارزانی

به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی،
سەرۆ‌ك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

سڵاو و ڕێز..

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانه‌ی دا به‌ به‌ڕێزتان وەك سەرۆ‌كوەزیران و به‌ كابینەی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزبایتان لێدەكەم.

ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.

ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاریه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.

دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرزدەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن. هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری رۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.

گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاریی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكەم.

سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆكوەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.

 لەگەڵ رێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10/7/2019

 





loading...











زۆرترین بینراوەکان