دەرماڵەیەك بۆ فەرمانبەران خەرج دەكرێتەوە


نەتەوە  |   14:07:06 2019-07-09  |   (169) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ماوەیەكە لە بەشێكی فەرمانگەكان "دەرماڵەی جوگرافی" لە فەرمانبەران بڕدراوە و بۆیان خەرج ناكرێت، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دارایش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.
A+    A-

 

هه‌فته‌نامه‌ی باس له‌زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بڵاویكردۆته‌وه‌، "هەر فەرمانگەیەك ئۆتۆمبێلی هەبێت بۆ هاتووچۆی فەرمانبەران ئەوە دەرماڵەی بۆ خەرج ناكرێت، ئەوانەی دەرماڵەكەیان لێ بڕاوە بەم هۆكارە بووە".


روونیشی كردەوە، لە هەندێك فەرمانگە بەهۆی هەڵەی ژمێریاران بڕدراوە، ئەوانە دەتوانن راستەوخۆ لە گەنجینەكان وەربگرنەوە و فەرمانبەرانیش قەرەبۆ دەكرێنەوە.


بۆ دەرماڵەی جوگرافی مانگانە 60 هەزار دینار بۆ ئەو كەسانە خەرج دەكرێت كە لە شوێنە زۆر دوورەكان كار دەكەن، 50 هەزار دیناریش بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە، كە لە لادێكان كار دەكەن و 40 هەزار دینار بۆ ئەوانەیە كە لە سەنتەری ناحیەكان كار دەكەن، 30 هەزار دیناریش بۆ ئەوانەی لە سەنتەری قەزاكان كار دەكەن، 20 هەزار دیناریش بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە كە لە نێو شار كار دەكەن.


وەزارەتی دارایی رێنمایی ژمارەی (10)ی لە  17ی3ی 2013دەركردووە و ئاراستەی گشت وەزارەت ‌و فەرمانگەكانی  كردوە، كه‌ تێیدا هاتووه‌، ئەو فەرمانگانەی كە لەلایەن حكومەتەوە ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەیان دابین كراوە یاخود ئۆتۆمبێلی كرێیان بۆ گیراوە، دەرماڵەی شوێنی جوگرافیان لێ دەبڕدرێت، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەركی خۆی هاتووچۆ بكات دەرماڵەكەی بۆ خەرج دەكرێت.


وەزارەتی دارایی، لە3ی2ی 2019  دووپاتی ئەوەی كردۆتەوە بە مەبەستی خەرجكردنی دەرماڵەی شوێنی جوگرافی كار بە ڕێنمایی ژمارە 10ی ساڵی 2013 بكرێت، كە هەر فەرمانگەیەك ئۆتۆمبێلی بۆ بەكرێ‌ گیراوە یان ئۆتۆمبێلی میرییان هەیە بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانیان، دەرماڵەی شوێنی جوگرافی نابێت خەرج بكرێت بۆ هیچ فەرمانبەرێك.


لای خۆشیه‌وه‌ عوسمان ساڵح، بەرێوەبەری گەنجینەی هەرێم رایگەیاندوه‌ بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی جوگرافی رێنمایی هەیە و بەپێی رێنمایی خەرج دەكرێت، وتیشی:" ئەو فەرمانبەرانەی بە ئۆتۆمبێلی حكوومی هاتوچۆ دەكەن یان ئۆتۆمبێلیان بۆبەكرێ گیراوە دەرماڵەكەیان بۆ خەرج ناكرێت، ئەوانەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان یان لەسەر ئەركی خۆیان هاتووچۆ دەكەن بۆیان خەرج دەكرێت".


روونیشیكردۆته‌وه‌، هەر رێنماییەك لایەن وەزارەتی دارایی دەركرابێت گەنجینەكانیش ئەو رێنماییە وەكو خۆی جێبەجێ بكەن، "ئەگەر ژمێریاری وەزارەتێك یان فەرمانگەیەك بە هەڵە دەرماڵی جوگرافی بڕیبێت ئەوە دەبێت ئەو فەرمانبەرانە قەرەبۆ بكرێنەوە".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان