ئەم پارێزگارەش له‌ كاره‌كه‌ى دوورخرایه‌وه‌


نەتەوە  |   14:32:30 2019-06-27  |   (252) جار خوێندراوەتەوە

loading...
پارێزگارێکی دیکەی پارێزگایەکی عیراق بە بڕیاری دادگای کارگێڕیی عیراق لە کارەکەی دوورخرایەوەو سەرچاوەیەکیش لە ئەنجومەنی پارێزگاکە هۆکارەکەی و سەرچاوەی بڕیارەکەی دادگاکە ئاشکرا دەکات.
A+    A-


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2019/6/27، دادگاى كارگێڕیى عێراق بڕیارى له‌سه‌ركار لادانى (عه‌قیل ترێحی) پارێزگاری کەربەلای په‌سه‌ندكرد، ئه‌وه‌ش دووه‌م پارێزگاره‌ کە له‌م هه‌فته‌یه‌ و سێیه‌م پارێزگاریشە‌ کە له‌م مانگه‌دا له‌سه‌ركار لاده‌درێن.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ دیوانى پارێزگاى كه‌ربه‌لا به‌ سایتی دواڕۆژى راگه‌یاندووە: بڕیاره‌كه‌ى دادگاکە پاڵپشتە بە بڕیارێکی ئه‌نجومه‌نى پارێزگای کەربەلا كه‌ 23ى ئایارى رابردوودا به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نەکە بۆ لادانی پارێزگارەلە دەرکرابوو.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژه‌شى بەوە داوە کە ته‌نیا له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ربه‌لا دووجار به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى پارێزگارەکەیان ده‌نگیانداوه‌ و ئه‌مجاره‌یان دادگاى كارگێڕی-یش بڕیاره‌كه‌ى ئەو ئه‌نجومه‌نەی په‌سه‌ندكردووه‌.

 

روونیشیکردووەتەوە کە له‌سه‌ركارلادانى پارێزگار په‌یوه‌سته‌ به‌ بەهه‌ده‌ردانى سامانى گشتى و گه‌نده‌ڵى و خراپ بەڕێوەبردن، بەڵام دەڵێت چانسێکی لەبەردەمدا ماوه‌ کە دەتوانێت له‌ دادگاى باڵاى فیدراڵى تانه‌ له‌ بڕیارەکەی دادگاى كارگێرى و ئه‌نجومه‌نەکە بدات.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێش 2019/6/26 ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى زیقار به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامەکانى بڕیارى له‌سه‌ركارلادانى یه‌حیا ناسرى پارێزگارى شاره‌كه‌یان ده‌ركرد.





loading...











زۆرترین بینراوەکان