سەردەمی ئەردۆغان و ئۆجەلان کۆتایی پێهات


نەتەوە  |   18:42:30 2019-06-25  |   (124) جار خوێندراوەتەوە

loading...
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەریدەخەن کە دۆڕاوەی هەڵبژاردنەکە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون. لەبەرامبەردا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی ئیستەنبوڵ و سەڵاحەددین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان براوە بوون.
A+    A-

رۆژێک پێش هەڵبژاردنی دووبارەکراوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئۆجەلان لەژێر فشاری دەسەڵاتدارانی تورکیا نامەیەکی نووسی کە تیایدا داوای لە دەنگدەرانی کورد دەکرد، بێ لایەن بن و دەنگ نە بە کاندیدەکەی ئەردۆغان و نە بە رکابەرەکەی نەدەن. ئەم بانگهێشتنامەیەش تەنها قازانجی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەو پارتەی لێ دەکەوتەوە.

 

ئەم نامەیە لەڕێگەی کەسێکی نەناسراوەوە بڵاوکرایەوە، کە پێشتر هیچ دەنگ و رەنگ و سەنگێکی نەبووە لە کایەی سیاسییدا. بەپێی لێدوانی خۆی سەردانی ئیمراڵی کردووە و ئۆجەلانی بینیوە و ئۆجەلان داوای لێ کردووە ئەو نامەیە بگەیەنێت بە رای گشتی.

 

هەرچەندە نامەکە بڵاوکرایەوە، بەڵام دەمیرتاش لە زیندانەوە و سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلان لە ناوەندی سەرەکی پارتەکەیانەوە، پشتگیری خۆیان بۆ ئیمامئۆغڵو دووپاتکردەوە. ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنیش دەرکەوت کە دەنگدەری کورد گوێیان لە دەمیرتاش و پارتی دیموکراتی گەلان گرتووە، نەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

 

لە ئەنجامدا، بە پشتیوانی دەنگدەرانی کورد لە ئیستەنبوڵ ئیمامئۆغڵو، کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنی بەسەر کاندیدەکەی ئەردۆغاندا بەدەست هێنا. بەو پێیەش قۆناغی سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی ئەردۆغان کە لە ناوەندی نەوەدەکانەوە بە هەڵبژێردرانی وەک سەرۆک شارەوانی ئیستانبوڵ دەستیپێکردبوو، کۆتایی پێهات. زەنگی دەستپێکردنی کۆتایی ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵەوە لێدرا، کە بە گوتەی خۆی "هەر کەسێک ئیستەنبوڵ بەرێتەوە، تورکیا دەباتەوە."

 

هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، ئەو قۆناغەش کۆتایی پێ هات کە بە فشار خستنە سەر ئۆجەلان، دەسەڵاتی تورکیا بتوانێ کاریگەری لەسەر کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا درووست بکات.

 

لەم قۆناغە نوێیەدا کە دەیەی داهاتووی سیاسەتی تورکیا دیاری دەکات، دوو سیاسەتمەداری گەنج جێگەی ئەردۆغان و ئۆجەلان دەگرنەوە؛ ئەوانیش ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی ئیستەنبوڵە، کە لە ئێستەوە بە سەرۆک کۆماری داهاتووی تورکیا باسی لێوە دەکرێت، لەگەڵ سەڵاحەددین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان، کە ئێستا لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە خراوەتە زیندان، بەڵام لە زیندانیشەوە بووەتە کاریگەرترین کارەکتەری سیاسی تورکیا و بە تویتێک کە لەڕێگەی پارێزەر و خێزانەکەیەوە بڵاوی دەکاتەوە دەتوانێت خەونەکانی ئەردۆغان لەناوبەرێت و ببێت بە بەدیلێکی بەهێز بۆ جێگرتنەوەی ئۆجەلان.





loading...











زۆرترین بینراوەکان