وەزارەتی دارایی بڕیاریدا....لەسبەینێوە پارەکە خەرجدەکرێت


نەتەوە  |   18:45:52 2019-06-19  |   (2,748) جار خوێندراوەتەوە

loading...
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر "کێشەکانی ئاوی سلێمانی" دێته‌دەنگ و وەزیری شارەوانیش ڕایدەگەیەنێت، "ئەوەی پێویستبێت لەزوترینکاتدا بۆ چارەسەری گرفتی ئاوی سلێمانی دەیکەن"، جەختیشدەکاتەوە، "لەسبەینێوە کار بۆ خەرجکردنی ئەو پارانە دەکەین کە پێویستە".
A+    A-

 

لەئێستادا بەشێک لەگەڕەکەکانی سلێمانی گرفتی کەم ئاوی و نەبونی ئاویان ھەیەو ھەردوو وێستەگەی یەک و دوی دوکان و پەمپەکانیان پێویستیان بەچاککردنەوەو سیانە ھەیە، لە ٢٠%ی سلێمانیش تۆڕی ئاوی نییەو بەشێکی بەتانکەر ئاوی بۆ دەچێت و بەشێکی بەتانکەریش بۆی ناچێت.


عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "پشتگوێخستنی پرۆژەکانی ئاو لەسلێمانی ڕونە، ساڵی پار ھەولێر یەک ملیار دیناری بۆ سیانە بۆ تەرخانکرا، بەڵام ھیچ بڕێک بۆ سلێمانی تەرخاننەکرا".


له‌وباره‌شه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی له‌زاری سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێم بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری تەرخانکردنی پارە بۆ خستنەوەگەڕی پەمپی تایبەت بەھەڵدانی ئاو بۆگەڕەکەکانی شاری سلێمانی درابێت وەزارەتی دارایی پارەکەیان بۆ تەرخاندەکات و گرفتی نابێت".


ئاماژەی بەوەشکرد، "ھەر بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرکرابێت، پێشتر ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەکرێت پارەکەیان بۆ تەرخاندەکرێت و ھەرکاتیش نوسراوەکە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ وەزارەتی دارایی ڕەوانەبکرێت پارەکەیان بۆتەرخاندەکرێت".

 

بەوتەی سەرچاوەکە، "تەرخانکردنی پارە ئەگەر بڕەکەی زۆربێت، ئەوا بەچەند گوژمەیەک بۆیان ڕەوانە دەکرێت".


لەبارەی ھۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەش سەرچاوەکە وتی:"پێدەچێت بەھۆی ڕاگرتنی نوسراوەکەوە بوبێت لەبەڕێوەبەرایەتیەکدا، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار بەدواداچون بکات پەیوەست بەھۆکاری تەرخاننەکردنی پارەکەو وەکو وەزارەتی دارایی ناتوانرێت بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ڕابگیرێت".


لای خۆیشیەوە عەلی حەمەساڵح ئاشکرایکردوە، "دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەربەست عوسمان بەڕێوبەری ئاوی سلێمانی و دیاریکردنی گرفتەکانی ئاو لەسلێمانی، نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی بەڵێنی پێداین، ئەوەی پێویست بێت لەزوترین کاتدا بۆ چارەسەری گرفتی ئاوی سلێمانی دەیکەن و لەسبەینێوە کار بۆ خەرجکردنی ئەو پارانە دەکەن کە پێویستە".


ده‌شڵێت: "جگە لەم چارەسەرە کاتیە، لەکابینەی نوێی حکومەت بەجێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک ھەوڵدەدەین کێشەی ئاوی سلێمانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارەسەربکرێت".
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان