نێچیرڤان بارزانی بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد


نەتەوە  |   14:59:10 2019-06-16  |   (5,294) جار خوێندراوەتەوە

loading...
جێگری "سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانی سرووشتی و پیشەسازی" لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایده‌كات، سەرۆكی پێشووی حكوومەتی هەرێم لە كۆتا رۆژەكانی كاری خۆیدا رەزامەندی لەسەر دابینكردنی گازوایل بۆ وێستگەیەكی دهۆك دەربڕیوە، كە به‌هۆی رێژەی كارەبای نیشتیمانی بەرز دەكاتەوە.
A+    A-

 

 گولیزار سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانی سرووشتی و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند، لە مانگی 2ی 2019ـدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پێشووی حكوومەت، رەزامەندی نیشان داوە بە خەرجكردنی 15 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی هێڵی 132 مێگاواتیی دهۆك، كە كارەبا لە هەولێرەوە دەبات بۆ دهۆك وەك پلانی درێژخایەن بۆ چارەسەری پرسی كارەبا لە دهۆك.


ناوبراو وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە چارەسەری درێژخایەنە و چوار تا پێنج مانگ دەخایەنێت، بەڵام دهۆك گرفتی هەنووكەیی كارەبای هەیە، كە كارەبای نیشتیمانی كەمە و بەو هۆیەشەوە كارەبای مۆلیدەی ئەهلی زیاتر بووە و ئەوەش بارگرانی لەسەر خەڵك دروست كردووە، چونكە ئەمپێری بووە بە 7 هەزار دینار، لە كاتێكدا لە هەولێر و سلێمانی بۆ هەر ئەمپێرێك 3 تا 4 هەزارە، ئەوەش نایەكسانییە، هێڵی گواستنەوەی كارەش بۆ هەولێر گرفتی نییە، بەس بۆ دهۆك گرفتی هەیە و هێڵەكان لاوازن، كاتی خۆیشی هەوڵ هەبوو چاك بكرێت، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە دەستی لێ هەڵگیرا".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كە وێستگەی (كاشێ) رۆژانە پێویستی بە 863 هەزار لیتر گازوایل هەیە تا یەكەیەكی دیكە كارا بكرێت، بۆیە ئەگەر ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، رێژەی كارەبا زیاد دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 1162019 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی نیشان داوە لەسەر دابینكردنی 1.2 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەی كاشێ و بەم هۆیەشەوە 150 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت، كە پێشووتر 50 مێگاوات بووە، بەو هۆیەشەوە دوو كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لە دهۆك زیاد دەبێت.


گولیزار سندی له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ ماڵپه‌ڕی پارتی ئاشكرایكرد، دوو تا سێ رۆژی دیكە فەرمانەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەو بارەیەوە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گاز رەزامەندییان لەسەر داوە، كە 1.2 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ ئەو وێستگەیە دابین بكرێت.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان