5 ملیۆن دینار بۆ ئه‌م مووچەخۆرانه‌ی هه‌رێم خەرج دەكرێت


نەتەوە  |   15:35:31 2019-06-11  |   (3,860) جار خوێندراوەتەوە

loading...
بەرپرسێکی وەزارەتی "کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرای دەکات، "نوسراویان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە بۆ ئەوەی 5 ملیۆن دینار بۆ ئەو كەمئەندامانە خەرج بكرێت كە هاوسەرگیری دەكەن".
A+    A-

 

شێخ محەمەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی کۆمەڵایەتی ھەولێر رایگەیاندوه‌، نوسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی بەرز كراوەتەوە، بۆ هەموو ئەوانەی كەمئەندامن و دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، وەكو هاوكارییەك حكوومەت 5 ملیۆن دیناریان پێبدات"، هاوكات بەپێی زانیاریەكان ئەو نوسراوە لە لایەن وەزارەتی دارایی دەدرێتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رەزامەندی وەرگرتن.


شێخ محەمەد گەزنەیی له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ هه‌فته‌نامه‌ی باس وتیشی: "لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵەكانمان چڕ دەكەینەوە زۆرترین خزمەتی توێژی كەمئەندامان بكەین، یەكێك لەو كارانە ناردنی نوسراوێكە بۆ دارایی بۆ ئەوەی 5 ملیۆن دینار بدرێتە ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیری دەكەن".


بە پێی داتا و بەڵگەكان، پێشووتر بە گشتی 103 هەزار 623 كەس بە ناوی كەم ئەندامی مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا دوای چاكسازی و دووبارە پشكنین 81 هەزار و كەس مووچەی كەمئەندامی وەردەگرن.


لای خۆشیه‌وه‌ سامان حسێن، سكرتێری یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان بە هه‌فته‌نامه‌كه‌ی راگەیاندوه‌، پێدانی 5 ملیۆن بەكەمئەندامان یەكێك دەبێت لە بڕیارە باشەكان، "ئێستا بەهۆی هەژاریی و نەبوونی پڕۆسەی هاوسەرگیری لە نێو كەمئەندامان بە جۆرێكە دەكرێت بڵێین هەر نەماوە یان زۆر كەم بۆتەوە، بۆیە پێدانی 5 ملیۆن دینار پێیان زۆر گرنگە و پێویستە جێبەجێ بكرێت هەر وەكو نوسراو نەمێنێتەوە".


ئێستا مووچەی بەشێك لە كەمئەندامان 150 هەزار دینارە ئەوانە هیچ مووچەیەكیان نیە لە حكوومەت، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن،120 هەزار دیناریان هەیە.


ئەو بەرپرسەی كەمئەندامان ئاشكراشیكرد، "90%ی كەمئەندامان هاوسەرگیریان نەكردووە، هۆكارەكەشی بۆ نەداری و قەیرانی دارایی دەگەرێتەوە".


پێشووتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێنمایی دارایی لە 29ی 4ی 2013 پێشینەی هاوسەرگیری كەمئەندامان و بۆیان بكرێتە بەخشین (منحە)، بەڵام ئەو رێنمایییە جێبەجێ نەكرا، سامان حوسێن پێیوایە دەبێت كەمئەندامان لە دانەوەی ئەو پێشینەیە ببەخشرێن.
 





loading...











زۆرترین بینراوەکان